سەرۆکی فەرەنسا بۆ وڵاتانی ئەوروپا: پشتبەستن بە دۆلار کەمبکەنەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا | وێنە: AP
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا | وێنە: AP

K24 - هەولێر:

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەکات پشتبەستن بە دۆلار کەمبکەنەوە و بە پێویستی دەزانێت ئەو پشتبەستنە سنووردار بکرێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی پۆلۆتیکۆی ئەمریکی، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، پێویستە سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەهێزبکەن، بەڵام سنوورێک بۆ پشتبەستنیان بە دۆلاری ئەمریکی دابنێن و کەمیبکەنەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن بە پێویستی دەزانێت ئەوروپا ستراتیژی سەربەخۆی خۆی پەرەپێبدات تا دووربکەوێتەوە لەوەی ببێتە شوێنکەوتەی سیاسەتەکانی جەمسەرێک.

سەرۆکی فەرەنسا لە بارەی کێشەی دوورگەی تایوان رایگەیاند، ئەوروپا نابێته‌ شوێنکەوتووی چین یان ئەمه‌ریکا و کیشوەرەکە خەریکە خۆی بخاتە ناو قەیرانێک کە پەیوەندی بەو نییە.

ماکرۆن پێیوایە هەر کاتێک تێڕوانینەکان لەگەڵ ئەمه‌ریکا یەکیان نەگرت، دەبێت بەشێوەیەکی راشکاوانە باس بکرێت.

ماکرۆن گوتی: ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و چین لە بارەی تایوان لە زیادبووندان، ئەگەر بەرەنگاری یەکدی بوونەوە ئەوروپا کات و سەرچاوەی نامێنێت تاوەکو بەردەوامی بە ئۆتۆنۆمی ستراتیژی خۆی بدات، لە کاتێکدا دوای چەند ساڵێک دەتوانێت ببێتە سێیەم جەمسەری جیهان.

ئەم قسانەی ئیمانوێل ماکرۆن لەکاتێکدایە، نابراو رۆژی پێنجشەممە 6ـی نیسانی 2023، بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە چین و لەگەڵ شی جیپینگ سەرۆکی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای پەکین کۆبووەوە.