دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکان ئۆکرانیا پلانی سەربازی خۆی دەگۆڕێت

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

میدیاکانی ئەمەریکا رایانگەیاند، دوای ئەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان بڵاوکرانەوە، کە باس لە دۆخ و پێگەی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن، لە ئێستادا کیێڤ پلانی سەربازی خۆی گۆڕیووە.

کەناڵی "CNN"ی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، رایگەیاندووە، ئۆکرانیا هەندێک پلانی سەربازیی گۆڕیوە، بەهۆی دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان کە باس لە بارودۆخی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن.

کەناڵەکە سرووشت و قەبارەی گۆڕانکارییە سەربازییەکان و رادەی کاریگەرییەکانیان لەسەر ئایندەی هێرشی ئۆکرانیا دیاری نەکردووە.

پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردبووەوە، کە بەشێکی نوێ لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ئۆکرانیا و چین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دزەیان کردبووە سەر ئینتەرنێت.

 بەگوێرەی رۆژنامەکە، رەنگە قەبارەی دزەپێکراوەکان لە ئینتەرنێتدا بگاتە زیاتر لە 100 بەڵگەنامە، هەروەها رادەی زیانەکانی رووداوەکەشی بە گەورە خەمڵاندووە.

پێنجشەممەی رابردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، پێنتاگۆن بەدواداچوون بۆ دزەپێکردنی ئەو بەڵگەنامانە دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوبونەتەوە و باس لە دۆخی هێزەکانی ئۆکرانیا و پلانەکانی ئەمەریکا و ناتۆ دەکات بۆ بەهێزکردنیان، هەروەها ئەو بەڵگەنامانە بەرواری سەرەتای مانگی ئاداری لەسەرە، لە چەناڵی تێلیگرامی حکومەتی رووسیا بڵاوکراوەتەوە.