شاندەکانی سعوودیە و عومان لەگەڵ بەرپرسانی حووسییەکانی یەمەن پرۆسەی ئاشتییان هەڵسەنگاند

کۆبوونەوەی شاندەکانی سعوودیە و عومان لەگەڵ بەرپرسانی حووسییەکانی یەمەن | وێنە: AA
کۆبوونەوەی شاندەکانی سعوودیە و عومان لەگەڵ بەرپرسانی حووسییەکانی یەمەن | وێنە: AA

K24 - هەولێر:

شاندەکانی سعوودیە و عومان لەگەڵ بەرپرسانی حووسییەکانی یەمەن پرۆسەی ئاشتییان هەڵسەنگاند و لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی شاندی دانوستانی حووسییەکان ئامادەبوو.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی SABAی سەربە حووسییەکان، مەهدی ئەلمەشات، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حووسییەکان لە سەنعای پایتەخت پێشوازیی کردووە لە شاندەکانی عومان و سعوودیە.

محەمەد عەبدولسەلام، سەرۆکی شاندی دانوستانی حووسییەکان و ژمارەیەک بەرپرس لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون. 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا مەهدی ئەلمەشات سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ عومان دەربڕی بۆ ئەو نێوەندگیرییەی و رۆڵی ئەرێنی لە چارەسەرکردنی جیاوازی بیروڕاکان و هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی کە هەموو گەلی یەمەن ئارەزووی دەکەن.

ئەلمەشات دووپاتی کردووەتەوە، ئەوان لەگەڵ ئاشتییەکی دادپەروەر و شکۆمەندانەدان کە تاسەی گەلی یەمەن بۆ ئازادی و ئاشتیی بەدیبهێنێت.

لای خۆشیەوە، سەرۆکی شاندی سعوودیە سوپاسی پشتیوانییەکانی عومانی کرد بۆ ئاشتیی و سەقامگیری لە یەمەن و هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی.

هێشتا عومان و سعوودیە هیچ روونکردنەوەیەکیان سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی یەمەن بە دەزگاکانی راگەیاندنی راگەیاند، کەلەگەڵ حووسییەکاندا رێککەوتوون لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست لەنێوان شەش مانگ بۆ ساڵێک و فراوانکردنی کە رەهەندی مرۆیی و ئابوورییش لەخۆبگرێت، لەپاشانیشدا دەستپێکردنی دیالۆگی راستەوخۆ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولی 2014وە سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە.

ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی، بە رابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ساڵی 2015ـەوە تا ئێستا دژبە حووسییەکان پاڵپشتیی حکومەتی یەمەن دەکەن.

ھانس گروندبێرگ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی یەمەن و حووسییەکان لە دووی نیساندا، رەزامەندییان نیشان دا لەسەر راگرتنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیی، وشکانیی و دەریاییەکان بۆ ماوەی دوو مانگ، پاشان ئاگربەستەکە دووجار درێژکرایەوە.

ئاگربەستی نێوان حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان کە شەش مانگ بەردەوام بوو لە دووی تشرینی یەکەمدا کۆتایی هات.