لەبارەی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە دهۆک روونکردنەوە دەدرێت؛ "پاشماوەشی نەماوە"

دیمەنی ئەمڕۆی گوندی بۆتیا لە سنووری پاریزگای دهۆک | وێنە: ماهر شنگالی - کوردستان24
دیمەنی ئەمڕۆی گوندی بۆتیا لە سنووری پاریزگای دهۆک | وێنە: ماهر شنگالی - کوردستان24

K24 - هەولێر:

ئاسایشی دهۆک دەڵێت، پرسی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە سنووری ئەو پارێزگایە کۆنە و هیچ پاشماوەیەکی ئەو درۆنە نەماوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە گوندی بۆتیای سەر بە دهۆک  لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.

لەوبارەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرسی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە گوندی بۆتیای سنووری ئەو پارێزگایە کۆنە و هیچ پاشماوەیەکی ئەو درۆنە لەو گوندە نەماوە.

ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24 لەگەڵ ستافەکەی سەردانی گوندی بۆتیایان کردووە و دەڵێت: درۆنەکە سێ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن ژمارەیەک جووتیاری ئەو گوندەیەوە درۆزراوەتەوە، کۆن و بۆمبرێژکراو بوو، بەڵام نەتەقیوەتەوە. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامبێری کوردستان24، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو درۆنە بزانن. 

پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، رەوشی گوندی بۆتیا ئارامە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە بەجێهێشتنی گوندەکە لەلایەن دانیشووانیەوە دەکەن، دوورن لە راستییەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 15ـی ئاداری 2023، دوو هێلیکۆپتەری "سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات" لە گوندێکی سنووری دهۆک کەوتنە خوارەوە. دواتر هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، نۆ شەرڤانیان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەردوو هێلیکۆپتەرەکە گیانیان لەدەستداوە.