هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان هێرشە بۆ سەر خاکی عێراق

کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی هەڤاڵ ئەبو بەکر، پارێزگاری سلێمانی و شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق | وێنە: کوردستان24 (دووشەممە 10ـی نیسانی 2023)
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی هەڤاڵ ئەبو بەکر، پارێزگاری سلێمانی و شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق | وێنە: کوردستان24 (دووشەممە 10ـی نیسانی 2023)

K24 - هەولێر:

شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد و پارێزگاری شارەکەش پێیوایە "هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان هێرشە بۆ سەر خاکی عێراق."

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، شاندێكی باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، سەردانی ئەو شارەی کرد.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لەبارەی سەردانی ئەو شاندەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شاندەکە بۆ تاوتوێکردن و لێكۆڵینەوەکردن لە دوو پرس سەردانی شارەکەیان کردووە؛  یەکەمیان راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، دووەمیشیان بۆردوومانکردنی فرۆکەخانەی سلیمانی بوو لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا. 

بەگوتەی پارێزگاری سلێمانی، سەردانەکانی هەر یەکە لە شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی و شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەباس زاملی، بۆ ئەوە بووە، کە ویستوویانە لە نزیکەوە لە رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بکۆڵنەوە.

هاڤال ئەبوبەکر روونیشیکردەوە، هەردوو شاندەکە ویستوویانە ببنە بەشێک لە چارەسەر و دووبارە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆردوومان نەکرێت و گەشتە ئاسمانییەکانی رانەگیرێن و دەڵێت: "هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان هێرشە بۆ سەر خاکی عێراق."

رۆژی 8ی نیسانی 2023، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە سلێمانی. بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەعرەجی لەسەر رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، چووەتە پارێزگای سلێمانی.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق دژی پێشێلکردنی سەروەرەریی وڵاتە و ئاماژە بەوەش دەکات کە لە رێگەی چەند شاهێدحاڵێکەوە گوێبیستی وردەکاریی رووداوەکەی سلێمانی بووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتون، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو شاندە و لێکۆڵینەوەکانی رۆژانی رابردوو، هەروەها هۆکارەکانی بۆ رایگشتی دەخرێتەڕوو.

رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روویدا و بەوهۆیەوە ئاگر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. پاش رووداوەکەش راگەیەندرا هێرشی درۆنی بووە. رۆژێک دوای رووداوەکە ئاشکراکرا کە ئەو هێرشە بۆ بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.