پارتی نوێنەرەکەی خۆی لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دیاریکرد

بەهجەت ئاڤدەل
بەهجەت ئاڤدەل

K24 – هەولێر:

پارتی دیموکراتی کوردستان بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کاندیدکرد و ناوەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە (10ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید دەکات.

لەبارەی کورسی دووەمی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن، هاوار محەممەد ئاماژەی بەوەکرد ئەوکورسییە تایبەتە بە پێکهاتەی تورکمان و ئەوان سەرپشکن لە دیاریکردنی کەسێک بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکەیان لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران.

رۆژی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی هەشت رۆژ کردەوە و تا 12ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

یەکێک لە بەربەستەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەسەرچوونی ماوەی یاسایی کۆمیسیۆن و چۆڵبوونی دوو کورسی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکەیە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان ئەو دوو کورسیە پڕدەکرێنەوە و کۆمیسیۆنەکەش بۆ ئەم هەڵبژاردنە ماوەکەی درێژ دەکرێتەوە، هەر بەپێ رێککەوتنی لایەنەکان، هەر لایەنێک دەتوانێت گۆڕانکاری لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بکات.

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندبوو، بەپێی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان، رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کاتدا دەبێت.