پێسکۆڤ: فەرەنسا ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە رۆڵی نێوەندگیر لە پرسی ئۆکرانیادا دەبینێت

گوته‌بێژی كرملین
گوته‌بێژی كرملین

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی كۆشكی کرملین رایده‌گه‌یه‌نێت، فەرەنسا ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە رۆڵی نێوەندگیر لە پرسی ئۆکرانیادا دەبینێت و گوتی: ''پاریس راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو پرسی ئۆکرانیادایە".

دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی كۆشكی کرملین لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە مۆسکۆی پایتەخت، گوتی: ''فەرەنسا ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت، چونکە لایەنگری لایەنێکی شەڕکەر دەکات، هەروەها پاریس راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو پرسی ئۆکرانیادایە، لەبەرئەوە ئەستەمە بیر لەوە بکرێتەوە فەرەنسا رۆڵی نێوەندگیری هەبێت".

لەلایەکی دیکەوە، پێسکۆڤ باسی لە مانۆڕە سەربازییەکانی چین کرد لە دەوروبه‌ری دوورگەی تایوان و ئاماژەی بەوە کرد، کاری هاندان دژبە چین ئەنجامدراوە.

گوتیشی: ''بێگومان چین مافی سەروەری خۆیەتی بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان مانۆڕی سەربازیی ئەنجامبدات، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کارە وروژێنەر و هاندانانە''.

گوتەبێژەکەی کرملین ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە رێز لە مافەکانی چین و وڵاتانی دیکەش بگیرێت.