کەمال کەرکووکی: رزگارکردنی کەرکووک سیمبوڵی کۆتاییهێنان بە رژێمی بەعس بوو

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان-ـی پارتی دیموکراتی کوردستان
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان-ـی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

لەیادی 20 ساڵەی رزگارکردنی شاری کەرکووکدا، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان-ـی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر چەسپاندنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی خەڵکی شارەکە دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، هەموو رێگەیەکی دیموکراسی، سیاسی و یاسایی دەگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد.

ئەمڕۆ دووشەممە (10ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان-ـی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بە گرنگی رزگارکردنی شاری کەرکووک کردووە کە وەک سیمبوڵی کۆتاییهێنان بوو بە رژێمی بەعس.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە ئازایەتی پێشمەرگە و خەباتی هاووڵاتییان کراوە کە بۆ رزگارکردنی شارەکە بەبێ هیچ هاوکارییەک یان دەستێوەردانێکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا هاتەدی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە کاتێکدا هەندێک ئەجێندای ناوچەیی و نێودەوڵەتی چاوەڕوانی ڕوودانی شەڕی نەتەوەیی و تایەفەگەری نێوان پێکهاتەکانی شارەکە بوون و چاوەڕوانی ئەنجامدانی کردەوەی تۆڵەسەندنەوە بوون وەک وڵامێک بۆ سیاسەتە دڕندانەکانی ڕژێمی لەناوچوو. هێزی قارەمانی پێشمەرگە، کاتێک چوونە ناو شارو کۆنترۆڵیان کرد، جوانترین وێنەی قارەمانێتی و جوامێرییان پێشان داو، بەبێ خوێنڕشتن و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان پێکهاتەکانی شاردا، شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد"

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان

ئەمڕۆ (20) بیست ساڵ بەسەر یادی ڕزگارکردنی شاری (کەرکووک) لە دەستی دیکتاتۆرییەت تێدەپەڕێت، ئەو بۆنەیەی تیایدا هەڵمەتی جەماوەرەکەمان و هێزی پێشمەرگەی قارەمان و ڕێکخستنەکانی ناوخۆی پارتیمان لە تابلۆیەکی ویژدانیدا ئاوێتەی یەکتر بوون و ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بە زیندوویی ڕاگرت، ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە لە ژێر ئاڵای کوردستان دەستیان بە جووڵەو ئامادەکاری کردبوو بۆ ڕزگارکردنی شارەکە لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو، چونکە ڕزگارکردنی (کەرکووک) سیمبولێکی گرنگی کۆتاییهێنان بوو بە ڕژیمی بەعسی دیکتاتۆرو ئاماژەی مێژوویی قووڵی بۆ گەلی کورد هەبوو کە بە دەست خراپترین سیاسەتی سەرکوتکاری و ستەمکارییەوە دەیناڵاندو لە هەڵمەتەکانی ڕاگواستنی زۆرەملێ و بەعارەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیاو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا، خۆیان نواند.

ئەوە بوو ڕزگارکردنی شارەکە لە ڕۆژی 10ی نیسانی 2003دا بە ئازایەتی پێشمەرگەو کۆششی خەباتگێڕان و هاووڵاتیانی دڵسۆز، بەدی هات بەبێ هیچ هاوکارییەک یان دەستێوەردانێکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی ببێتە سیمبولێکی نیشتمانیی نوێ و بچێتە سەر خەرمانی دەسکەوتەکانی خەباتی گەلی کورد.

لە کاتێکدا هەندێک ئەجێندای ناوچەیی و نێودەوڵەتی چاوەڕوانی ڕوودانی شەڕی نەتەوەیی و تایەفەگەری نێوان پێکهاتەکانی شارەکە بوون و چاوەڕوانی ئەنجامدانی کردەوەی تۆڵەسەندنەوە بوون وەک وڵامێک بۆ سیاسەتە دڕندانەکانی ڕژێمی لەناوچوو. هێزی قارەمانی پێشمەرگە، کاتێک چوونە ناو شارو کۆنترۆڵیان کرد، جوانترین وێنەی قارەمانێتی و جوامێرییان پێشان داو، بەبێ خوێنڕشتن و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان پێکهاتەکانی شاردا، شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد. ئەمەیش ئاماژەیەکی ڕوونی ئاستی تەبایی نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی شارەکەو تامەزرۆییان بوو بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوەو دیکتاتۆرییەت، هەروەها بەڵگەی جوامێری گەلی کوردو هێزی پێشمەرگەی قارەمانە کە پێیان باشتر بوو ئاشتی و ئاسایش و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و بناغەکانی سەردەمێکی نوێ لەم شارە دێرینەدا بچەسپێنن کە تیایدا ئازادییەکان و ناسنامە نەتەوەیی و ئایینییەکان، ڕێزلێگیراو بن.

پڕۆسەی ڕزگارکردنی (کەرکووک)و ڕیکارەکانی هاوشانی ئەم پڕۆسەیە کە شارەکەو ئاسایش و سەلامەتی خەڵکەکەیان پاراست، دەربڕینی ڕاستەقینەو کردەیی بوون بۆ بیرو ئاراستەکانی سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانی، کە هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە (کەرکووک) دڵی کوردستانەو، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ڕێز لە هەموو گەلان دەگرێت و خەباتی ئێمە دژی گەلان نیە بگرە دژی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانەو لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی کوردستانە کە بە ئاشتییانە پێکە دەژین. باوکی رۆحی دۆزی کورد، هەرگیز سازشی لەسەر کوردستانیبوونی (کەرکووک) یان دۆزی گەلەکەی نەکردووەو، لە سەردەمی خەباتی خۆیدا هەرگیز نائومێدیی نەزانیوە. ئێمەش، لە پارتی دیموکراتی کوردستان و، بە سەرکردایەتی برای تێکۆشەر رێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی، کوردستانیبوونی (کەرکووک) چەقی خەباتی ئێمەیەو، ماندوونەناسانە کار بۆ ڕزگارکردنی شارەکە دەکەین لەو هەموو دۆخە نائاساییەی لەم ڕۆژانەدا بە سەر ئەم پارێزگا ستەملێکراوە سەپێندراون و، بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی سروشتیی دوور لە سیاسەتی شۆڤێنی و پڕۆسەی ڕێکخراوی بەعارەبکردن و وتاری ڕەگەزپەرستانەی هەندێک لەو سیاسییانەی دەیانەوێت بەو جۆرەو، لەسەر حیسابی ئاسایش و سەلامەتی شارەکەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکەی و ناسنامە ڕەسەنە کوردستانییەکەی، خۆیان بچەسپێنن و دەستکەوتی کاتی و بەرتەسکی هەڵبژاردن بۆ خۆیان بەدەست بهێنن.

لە یادی ڕزگارکردنی کەرکووکی خۆشەویستدا بەڵێن بە جەماوەری خۆمان لە (کەرکووک) دەدەین کە سازش ناکەین و کۆڵ نادەین لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە (کەرکووک)و، بە گرتنەبەری هەموو ڕێگەیەکی دیموکراسی و سیاسی و یاسایی بەردەست، کار بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردو مافەکانی هەمووان دەکەین.

دروودو سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان لە (کەرکووک)و گشت ناوچەکانی کوردستان و، سڵاو بۆ گیانی قوربانیانی ئەنفال و جینۆسایدو خانەوادە بەڕێزەکانیان.

 

دکتۆر کەمال کەرکووکی

بەرپرسی م. ر. پارێزگای کەرکووک – گەرمیان

10ی نیسانی 2023