حه‌لبوسی هه‌وڵی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سووننه‌كان ده‌دات
K24 - هەولێر:
میدیاكانی عێراق بڵاویانكردووه‌ته‌وه، محه‌ممه‌د حه‌لبووسی بانگهێشتی گشت سه‌ركرده سیاسییه سووننیه‌كانی پێشوو و ئێستای له‌عێراق له‌وانه، سه‌لیم جبوری، ئوسامه نوجێفی، ساڵح موتڵه‌گ، خه‌میس خه‌نجه‌ر، رافیع عیساوی، جه‌مال كه‌ربولی، موسه‌ننا سامه‌ڕائی، مه‌حمود مه‌شهه‌دانی و چه‌ندانیتر كردووه رۆژی سێشه‌ممه له به‌غدا كۆببنه‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ئامانجی ئه‌م بانگهێشكردنه بریتییه له‌پێكهێنانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سووننه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌رانبه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان توانای بڕیار و سه‌پاندنی داواكارییه‌كانیان هه‌بێت و هاوكات ماڵی سوننه له‌ژێر یه‌ك چه‌تردا كۆبكاته‌وه.
به‌پێی هه‌مان زانیاری، زۆربه‌ی سه‌ركرده دیاره‌كانی سووننه، بیرۆكه‌ی پێكهێنانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سووننه‌كانیان ره‌تكردووه‌ته‌وه و پێده‌چێت زۆربه‌یان بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی سێشه‌ممه بكه‌ن.
له‌كاردانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌دا، مه‌شعان جبوری ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاندووه، به‌دڵنیاییه‌وه ئوسامه نوجێفی، خه‌میس خه‌نجه‌ر، موسه‌ننا سامه‌ڕائی و رافیع عیساوی به‌شێك نابن له هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سووننه‌كان، كه محه‌ممه‌د حه‌لبووسی هه‌وڵی پێكهێنانی ده‌دات، هه‌رچه‌نده ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، سه‌لیم جبووری و ساڵح موتڵه‌گ په‌یوه‌ندی به‌و هاوپه‌یمانێـتییه‌وه ده‌كه‌ن.