کۆریای باشوور بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رەتدەکاتەوە

ئاڵای کۆریای باشوور
ئاڵای کۆریای باشوور

K24 - هەولێر:

جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەو بەڵگەنامانەی کە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە دەزیان پێکراوە و باس لە ناکۆکی و گفتوگۆی توند لەنێوان گەورە بەرپرسانی کۆریای باشوور سەبارەت بەهاوکاریکردنی ئۆکرانیا دەکەن، ناراست و هەڵبەستراون.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کیم تای هیو جێگری راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کۆریای باشوور راشیگەیاند، هەماهەنگی نێوان واشنتۆن و سیئۆل هێشتا بەهێزە و هەردوولایان لەسەر ئەو کۆکن، ئەو بەڵگانەمانەی بڵابوونەتەوە ناراست و هەڵبەستراون.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک بەڵگەنامەی سەربازی و هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دزەی کردە ئینتەرنێتەوە، کە چەندین وردەکاری هەستیاری لەخۆگرتبوو.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵی زۆر دەدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی بەڵگەنامە سەربازی و هەواڵگرییە نهێنییەکان، کە لە ئینتەرنێت بڵاوبوونەتەوە و وردەکارییەکانی لەخۆگرتبوو، لەوانەش وردەکارییەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد".

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن، ئەو تەوەرە بەرفراوانانەی لەناو ئەو بەڵگەنامانەدا هەن، کە باس لە شەڕەکانی ئۆکرانیا، چین، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەکەن، ئاماژەن بۆ دزەپێکردنی ئەو بابەتانە لەلایەن هاوڵاتییەکی ئەمەریکییەوە نەک هاوپەیمانێک.