مەندەلاوی: پێویستە چالاککردنەوەی کەرتی تایبەت لەکارە لەپێشینەکانی پرۆژەیاسای بودجە بێت

"چه‌ند رۆژی داهاتوو خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌كرێت"
.
.

K24 - هەولێر

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە کارە لە پێشینەکانی بودجە، چالاککردنەوەی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجان.

نوسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024، 2025)، مەندەلاوی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کرد.

مەندەلاوی جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئەنجوومەنی نوێنەران پشتگیری لە سیاسەتی حکومەت دەکات سەبارەت بە لێخۆشبوونی باج و کەمکردنەوەی رێژەی سوودی قەرزەکان، هەروەها پێویستە چالاککردنەوەی کەرتی تایبەت، لەکارە لەپێشینەکانی رەشنووسی یاساکەدا بێت، چونکە بەشدارە لە هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان".

مەندەلاوی، لیژنەی دارایی پەرلەمانی راسپاردووە کە دیدگایەکی روون بۆ میکانیزمی دامەزراندن و بەڵێندەرایەتی لە کەرتی حکومیدا بخەنەڕوو کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بودجەیەکی تەرخانکراو بۆ ماوەی سێ ساڵ.

لە راگەیەندراوەکاشدا هاتووە، تاوتوێکردنی بڕگەکانی بودجە ماوەتەوە، دەبێت تەواو بکرێت بۆ خێراکردنی خوێندنەوەی دووەم لە رۆژانی داهاتوودا.