هەولێر؛ لەماوەی ساڵێکدا 800 پڕۆژەی گەورە و بچووک ئەنجام دراون

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

لە ماوەی ساڵێكدا لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیكەی 800 پڕۆژەی گەورە، بچووك و مام ناوەند جێبەجێكراون.

یەكێك لەو پڕۆژانەی ئێستا كاری تێدادەكرێت فراوانكردن و بەدووسایدكردنی رێگەی تونێلی پیرمام - شەقڵاوەیە، كە بە كۆڕێ دەبەسترێتەوە. ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێریش لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ لەسەر جێەبجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكات و جێگری پارێزگاری ھەولێریش دەڵێت، "بڕیارە لەمساڵدا چەندین پڕۆژەی دیكە جێبەجێ بكرێن و دەرخستەش دراوەتە وەزارەتی دارایی".

یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی فراوانكردن و بە دووسایدكردنی رێگەی ھەولێر - شەقڵاوەیە كە ئێستا كاری تێدادەكرێت. لە پارێزگای ھەولێر لە ماوەی ساڵی رابردوودا توانراوە نزیکەی 800 پڕۆژەی جۆرا و جۆر  جێبەجێبکرێن.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لەوبارەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بێ گرفت نین، بۆ ئەم مەبەستەش جێگری پارێزگاری ھەولێر لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشدارە و رایدەگەیەنێت، "پلانیان داناوە بۆ جێبەجێکردنی زۆرترین پڕۆژە كە بەشێكیان‎  دەرخستەشیان دراوەتە وەزارەتی دارایی."

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی، پڕۆژە لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و 83 پڕۆژەش لە سەر داھاتی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر جێبەجێکراون بە گوێرەی خەمڵاندنی پارێزگای ھەولێریش بودجەی پڕپژەكان بۆ ئەمساڵ نزیکە 700 ملیار دینارە.

ھەرلە چوارچێوەی پڕۆژەکاندا نزیکەی 20 پۆندی گلدلنەوەی ئاو دروستکراون و پڕۆژەی چارەسەر کردنی بۆری ئاوی ئیفراز و تەواو کردنی قیرتاوی شەقامە ناوخۆییەکانی 32 گەڕەکی ھەولێر و چەندین پڕۆژەی دیكە.