بانکی ناوەندیی رووسیا: پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە روبل گەیشتووەتە ئاستی دۆلار

باڵەخانەی بانکی ناوەندیی رووسیا | رۆژی هەیینی 29ـی نیسانی 2022 | وێنە:  Alexander Zemlianichenko / AP
باڵەخانەی بانکی ناوەندیی رووسیا | رۆژی هەیینی 29ـی نیسانی 2022 | وێنە: Alexander Zemlianichenko / AP

K24 - هەولێر:

بانکی ناوەندیی رووسیا رایگەیاند، پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە کە روبلە گەیشتووەتە ئاستی دۆلار و بە رێژەیەکی بەرچاویش بە پێش یورۆ کەوتووەتەوە.

بانکی ناوەندیی رووسیا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئایاری 2022ەوە رووسیا دەستی کردووە بە فرۆشتنی غازی سروشتی بەو وڵاتانەی دۆستی رووسیا نین بە روبل.

بەهۆی ئەم هەنگاوەوە هەناردەکردن بە روبل بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە کۆتایی ساڵدا پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە روبل لە سەدا 30ی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستی دۆلار و بە رێژەیەکی بەرچاویش بە پێش یورۆ کەوتووەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بە تێکڕایی پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە دۆلار و یورۆ دابەزیووە بۆ خوار لەسەدا 50، سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی، ئەم دۆخە رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر ئەو مەترسییە جۆراوجۆرانەی بەشێوەیەکی گشتی دووچاری بازرگانی دەرەکیی رووسیا بوون.

بانکی ناوەندیی رووسیا روونیشیکردووەتەوە، پشکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی رووسیا بە دراوی نیشتمانیی وڵاتانی دۆست زیادی کردووە.