باوک و دایکێکی ئالوودەبوو بە ماددەی هۆشبەر دوای هەفتەیەک زانیان منداڵەکەیان مردووە

وێنەی دایک و باوکی منداڵەکە و ئەو خانووەی تەرمی منداڵەکەی تێدا دۆزراوەتەوە
وێنەی دایک و باوکی منداڵەکە و ئەو خانووەی تەرمی منداڵەکەی تێدا دۆزراوەتەوە

K24 - ئەنقەرە:

دایک و باوکێکی ئالوودەبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە شاری ئەدەنە، دوای هەفتەیەک هەستیان بەوە کرد کە منداڵەکەیان مردووە. پۆلیس دایکی منداڵەکەی دەستبەسەرکردوە و بە شوین باوکەکەدا دەگەرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، منداڵەکە کچە و تەمەنی دوو مانگە، هەفتەیەک لەمەوبەر لە ئەدەنە گیانی لەدەستداوە و، ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی ئەدەنەیە.

دوای هەفتەیەک لە مردنی، دراوسێکان هەستیان بە بۆنی لاشەی منداڵەکە کردووە و پۆلیسیان ئاگادار کردوەتەوە. کاتێک پۆلیس دەگەنە شوێنی رووداوەکە تێدەگەن ئەم دایکە لەبیری چووەتەوە کە منداڵی هەیە و بە پۆلیسی گوتووە "من لە کاتی گەیشتنی ئێوە زانیوومە کە منداڵم هەیە".

دایکی منداڵە دوو مانگەکە دەستبەسەرکراوە و پۆلیس بە شوێن باوکیدا دەگەڕێت. بڕیارە دوای پشکنینی جەستەی کۆرپەکە، هۆکاری گیانلەدەستدانی ئاشکرا بکرێت. لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.