رۆژنامەی ئەلسەباح: عێراق ساڵانە 17 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی دەسوتێنێت

سووتان و به‌فێڕۆدانی گاز لە یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق | وێنە: میدیا عێراقییەکان
سووتان و به‌فێڕۆدانی گاز لە یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق | وێنە: میدیا عێراقییەکان

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی ئەلسەباحی زمانحاڵی فەرمی حکومەتی عێراق بڵاویکردووەتەوە، عێراق ساڵانە 17 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی دەسوتێنێت کە جگە لە زیانە ئابووریەکەی، یەکێکە لە سەرچاوەکانی پیسبوونی ژینگەش.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئەلسەباح، عێراق %57ی پێویستی گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردەدەکات، کە تێچووی ساڵانەی نزیکەی 4 ملیار دۆلارە.

باسی لەوەشکردووە، عێراق لەباشترین دۆخدا دەتوانێت تەنها %43ی پێویستی ناوخۆ لەگازی سروشتی بەرهەمبهێنێت، بەم پێیەش ئەگەر گربەستەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی لە باشووری وڵات لەکاتی خۆشیدا تەواوبێت، ئەوا عێراق هێشتا ناتوانێت تا ساڵی 2027 دەستبەرداری گازی ئێران بێت.

کۆتاییەکانی ساڵی 2021 وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 کۆتایی بە سوتاندنی گازی سرووشتی دەهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش بەغدا داوا لە کۆمپانیای نەوتییە جیهانییەکان کردووە هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی  سوود لە گازی هاوتای نەوت وەربگرن.

عەلی حەمود، بەڕێوەبەری گشتی هونەری لە وەزارەتی نەوت، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئای بی بی سی لە دوبەی رایگەیاند، گەشبینن کە سوتاندنی گازی هاوتای نەوت لە 2026 بۆ 2027 کۆتایی پێ دەهێنن، روونیشیکردەوە، عێراق نزیکەی سەدا 45ـی بەرهەمی گازی هاوتای نەوت دەسوتێنێت، کە دەکاتە 2 ملیار و 800 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە.

گوتیشی: پێویستە ئەو پڕۆژانەی ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت و پەرەیان پێ دەدرێت، کار بۆ کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی سروشتی بکەن.

ئەمە له‌ کاتێکدایە عێراق دووەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان لە دوای رووسیا بۆ سوتاندنی گازی سرووشتی.