وەزیری ئابووریی ئێران سەردانی سعوودیە دەکات

ئیحسان خاندوزی، وەزیری ئابووریی و دارایی ئێران | وێنە: Financial Times
ئیحسان خاندوزی، وەزیری ئابووریی و دارایی ئێران | وێنە: Financial Times

K24 - هەولێر:

ئیحسان خاندوزی، وەزیری ئابووریی و دارایی ئێران،  باسی لەوە کرد کە دامەزراندنی ژوورێکی بازرگانی هاوبەشی ریاز-تاران لە رۆژەڤدایە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، مانگی داهاتوو سەردانی سعوودیە دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی ئێران، ئیحسان خاندوزی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە تارانی پایتەخت، باسی لە دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە پاش حەوت ساڵ لێکدابڕان کردووە و ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە یەکەم قۆناغدا ئامانجیانە قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بگەیەننە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار.

وەزیری ئابووریی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی دروستکردنی ژوورێکی بازرگانیی هاوبەش لەنێوان تاران و ریاز، رایگەیاند: "دروستکردنی ژوورێکی بازرگانیی هاوبەش لەنێوان ئێران و سعوودیە لە رۆژەڤدایە. فەرمانگەی گەشەپێدانی بازرگانی سەرقاڵی بەکۆتاگەیاندنی نەخشەڕێگای زیندووکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا رۆژژمێری "کۆمیسیۆنی ئابووریی هاوبەش"ی نێوان ئێران و سعوودیە، رادەگەیەنن و پلانی جۆراوجۆریشیان هەیە بۆ زیندووکردنەوە و گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، گوتیشی: "منیش مانگی داهاتوو سەردانی شاری جیددە دەکەم و لەگەڵ هاوتا سعوودییەکەم، محەمەد عەبدوڵڵا جەدعان کۆدەبمەوە".

ریاز و تاران لە دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان، بە نێوەندگیری چین بڕیاریان لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دا.

حوسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران  و هاوتا سعوودیەکەی، فەیسەڵ بن فەرحان لە شەشی نیساندا لە پەکینی پایتەختی چین پێکەوە کۆبوونەوە و لەسەر دووبارەکردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتر، دووبارە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان و ئاسانکاریکردن بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی یەکتر رێککەوتن.

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە، دوای یەکەم سەردانی فەرمییان، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە رێککەوتوون لەسەر هەماهەنگی هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا.