بەڵگەنامە نهێنییەکانی کۆشپی سپی نەخشەی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا ئاشکرا دەکەن

باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP
باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP

K24- هەولێر:

بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگری لە ئەمەریکا هەوڵیان داوە ئەو مەترسیانە هەڵسەنگێنن کە لە دزەپێکردنی سەدان بەڵگەنامەی زۆر نهێنی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بڵاوبوونەوە.

لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی "FBI" و دەزگاکانی وەزارەتی داد، دەستیان بە راوەدونانێکی بەرفراوان کردووە لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیانەدا کە پێنتاگۆن داوای کردبوو، بۆ زانینی بارودۆخی سەرهەڵدانی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەی لە ئینتەرنێتدا بڵاوبووەوە.

گوتەبێژی پێنتاگۆن شەوی یەکشەممە 9ی نیسان2023، رایگەیاند، کە وەزارەتی بەرگری پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بەڵگەنامە ڤیدیۆییەکان دەکات کە پێدەچێت مادەی هەستیار و زۆر پۆلێنکراوی تێدابێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا لە کۆتایی هەفتەدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا باسی ئەو بابەتەی کردووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی ئەو پێشێلکاریانەیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دزەپێکردنی ئەو بەڵگەنامانە بە زیانبەخشترین دزەپێکراوەکان دادەنێن، هەروەها  ترسی ئەوە هەیە بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگەنامانە، رێگری لە هاوپەیمانە بیانییەکان بکات لە هاوبەشکردنی زانیاری هەستیار لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا،.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، رایگەیاند، بەڵگەنامە نوێیەکان هەندێک لە هەستیارترین ماددە پیشان دەدەن، لەوانە نەخشەی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا و پلانە نهێنییەکانی کۆریای باشوور بۆ گەیاندنی 330 هەزار گوللـە تۆپ بۆ دژە هێرشی ئۆکرانیا، بەرواری دەرچوونی بەڵگەنامەکان 40 رۆژە، هەروەها تازەیی بەڵگەنامەکان و ئەو ئاماژانەی کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو خراونەتە روو، وایان لێدەکات بە تایبەتی زیانبەخش بن.

سابرینا سینگ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریکا لیژنەکانی کۆنگرێسیان لە دزەپێکردنەکە ئاگادارکردۆتەوە، هەروەها بابەتەکەیان رەوانەی وەزارەتی داد کردووە، کە لێکۆڵینەوەی بۆ کردەوە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، بەشێک لەو بەڵگەنامانە ساختە بوون، بەڵام زۆربەیان تەواون و یەکدەگرنەوە لەگەڵ راپۆرتەکانی CIA، کە لە کۆشکی سپی و پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەدا هەیە.

بەڵگەنامە کورتەکان هیچ گومانێک لە تێوەگلانی ئەمەریکا لە بەڕێوەبردنی شەڕی  ئۆکرانیا ناهێڵێتەوە، زانیاری هەواڵگری و لۆجستیکی ورد پێشکەش دەکات، کە یارمەتیدەرە بۆ روونکردنەوەی سەرکەوتنی ئۆکرانیا تا ئێستا.

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە بەڵگەنامە نهێنییەکان کە ژمارەیان سەدان بەڵگەنامەبوو، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بۆ دەزگا ئەمنییەکانی ئەمەریکا ئاشکرا بووە، کاتێک گرووپێکی رووسی کۆپییەکی ساختەی بەشێک لەو بەڵگەنامانەیان بڵاوکردەوە.