بەلەمێک بە 400 کۆچبەرەوە رێگای لێ ون دەبێت

کەشتییەکی کۆچبەر هەڵگر | وێنە: میدیای ئەوروپی
کەشتییەکی کۆچبەر هەڵگر | وێنە: میدیای ئەوروپی

K24 - هەولێر

بەلەمێک کە نزیکەی 400 کۆچبەری هەڵگرتبوو، لە کەنارەکانی شاری تۆبروکی لیبیاوە بەڕێکەوت بەرەو ئەوروپا، بەڵام رێگای خۆی لەنێوان لیبیا وماڵتادا ونکرد.

خزمەتگوزاری پشتیوانی "زەنگی تەلەفۆنی " کە چالاکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی کۆچبەران لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست، ئێوارەی یەکشەممە رایگەیاند، بەلەمێک کە نزیکەی 400 کۆچبەری هەڵگرتبوو، رێگەی خۆی لە نێوان ماڵتا و لیبیادا ونکرد.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لیبیا بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، "سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ سنووردارکردنی چالاکیی ئەو باندانەی کە کۆچبەران بە قاچاخ دەبەنە کەناراوەکانی ئەوروپا لە سەرانسەری دەریای ناوەڕاست، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە تاوانکارییانە بەردەوامن".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، هۆکاری بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی بۆ بوونی گەندەڵی گەڕاندەوە کە ئاسانکاری بۆ باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەکەن، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیان، هەروەها "دوبارەبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی ئاماژەیە بۆ ئەوەی لایەنێک هەیە سوودمەندە لە بەردەوامی و قازانج لێی، کە دەبێت لە رێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت".

هێزەکانی "دەزگای دژە کۆچی نایاسایی" لە رۆژهەڵاتی لیبیا، پێشتر سەدان کۆچبەریان لە چنگی باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤدا رزگارکردووە.

خزمەتگوزاری پشتیوانی زەنگی تەلەفۆن ئاماژەی بەوەشکرد، بەلەمەکە کاتێک سووتەمەنی تەواو بووە و دواتر رێگەکەی ونکردووە و لە ئێستادا لە ناوچەی ماڵتادایە، بنکەکەی پڕ بووە لە ئاو لەکاتێکدا کاپتنەکە بەلەمەکەی بەجێ هێشتووە و کەس نییە بتوانێت بەلەمەکە ئاراستە بکات.

رێکخراوی ناحکومی ئەڵمانی "سی واتچ ئینتەرناشناڵ" لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، کە بەلەمەکەیان دۆزیوەتەوە، هەروەها دوو کەشتی بازرگانی لە نزیکیەوەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی ماڵتا داوای لە دوو کەشتییەکە کردووە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن ئەنجام نەدەن، هەروەها تەنها داوا لە یەکێک لەو دوو کەشتییە کراوە سووتەمەنی بەلەمەکە پڕبکاتەوە.

هەفتەی رابردوو کەشتیی جیۆپارێنتس، سەر بە رێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور" 440 کۆچبەری لە کەناراوەکانی ماڵتا رزگارکرد.

رێکخراوێکی دیکەی ناحکومی ئەڵمانی بەناوی ریسکشیپ رایگەیاندووە، شەوی یەکشەممە تا دووشەممە لانیکەم 23 کۆچبەر بەهۆی تێکچوونی بەلەمێکی دیکە لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە.