هێمن میرانی: له‌دوای 21ـی ته‌مووزی ئه‌مساڵ هه‌ر چه‌كێك له‌لای هاووڵاتییان بگیرێت به‌لای كه‌م ساڵێك تا سێ ساڵ ده‌ستگیرده‌كرێت

"له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ك بۆ پۆز و خۆهه‌ڵكێشان به‌كارهاتووه‌"
دكتۆر هێمن میرانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
دكتۆر هێمن میرانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

دیارده‌ی چه‌كداری له‌هه‌رێمی كوردستان دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌، بۆ ئه‌مه‌ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی بێ مۆله‌ت له‌ په‌له‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وام رێنمایی پێویست له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، بابه‌تی چه‌كی بێمۆڵه‌ت و به‌مۆڵه‌ت، دوو پرسی سه‌ره‌كین بۆ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌میانه‌ی به‌شدارییان له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه‌ ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، دكتۆر هێمن میرانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، دام و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، هێزه‌كانی ئاسایش، زێره‌ڤانی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، راسپێردراون كه‌ چه‌كی مۆڵه‌تداریش لای خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌، بۆ نموونه‌ كارمه‌ندانی ئه‌و ده‌زگایانه‌ چه‌ك نه‌به‌نه‌ ماڵه‌وه‌.

هه‌روه‌ها دكتۆر هێمن میرانی راشیگه‌یاند، له‌باره‌ی چه‌كی بێ مۆڵه‌ته‌وه‌، ماوه‌ دراوه‌ تا 21ـی 7ـی 2023، ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌ چه‌كی بێ مۆڵه‌تییان هه‌یه‌، سه‌ردانی بنكه‌كانی تۆماركردن بكه‌ن، چه‌كه‌كان تۆماربكه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌دوای 21ـی 7، هه‌ر چه‌كێك له‌لای هاووڵاتییان بگیرێت، به‌پێی مادده‌ی 15 له‌ خاڵی یه‌كه‌م له‌ یاسای چه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، لانیكه‌م ساڵێك تا سێ ساڵ ده‌ستگیرده‌كرێت و هه‌روه‌ها به‌ دوو تا پێنج ملیۆن دیناریش سزا ده‌درێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، ئه‌منییه‌ت و سه‌قامگیرییه‌كی باش له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك زه‌روور نییه‌، ته‌نیا ئه‌وانه‌ نه‌بێت، كه‌ له‌ سنووره‌كانی نزیك له‌ داعش یاخوود له‌ سنووره‌كانی شه‌ڕ ده‌ژین، تا راده‌یه‌ك بیانوویان هه‌یه.

باسی له‌وه‌شكرد، له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ك بۆ پۆز و خۆهه‌ڵكێشان به‌كارهاتووه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێك بكرێت، تاكو هه‌ڵگرتنی چه‌ك ببێته‌ دیارده‌یه‌كی ناشرین، ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌ت به‌جددی كار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌كه‌ین.