نەتەوەیەکگرتووەکان: بڕیارەکەی تاڵیبان دەیانخاتە بەردەم هەڵبژاردەیەکی ترسناک

ژمارەیەک ئافرەتی ئەڤغانی | وێنە: ئەرشیف - ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان
ژمارەیەک ئافرەتی ئەڤغانی | وێنە: ئەرشیف - ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان

K24- هەولێر:

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بڕیاری بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ رێگریکردن لە کارکردنی ئافرەتان، دەیانخاتە بەردەم "هەڵبژاردەیەکی ترسناک".

لە راگەیەندراوێکی نەتەوەیەگرتووەکاندا هاتووە، لە رێگەی ئەم قەدەغەکردنەوە، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار دەکەن بە هەڵبژاردنێکی ترسناک لە نێوان مانەوە و پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ گەلی ئەفغانستان.

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە 4ـی نیسانی 2023 رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی "تالیبان" فەرمانێکیان دەرکردووە بۆ رێگریکردن لەو ئافرەتە کارمەندە ئەفغانیانەی لە وڵاتدا کاردەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رۆزا ئۆتبایڤا، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان بە پێداچوونەوە بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو دەکات.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، "دەبێت روون بێت بۆ دەسەڵاتدارانی تاڵیبان، کە ئەوان بەرپرسیارەتی هەر دەرئەنجامێکی نەرێنی لەسەر ئەم قەیرانەی گەلی ئەفغانستان هەڵدەگرن."

نزیکەی 23 ملیۆن ئافرەت و پیاو و منداڵ سوودمەند دەبن لە یارمەتییە مرۆییەکان لە ئەفغانستان کە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان بەخۆیەوە دەبینێت.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی سێ هەزار و 900 کەس لە ئەفغانستان کار بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، کە سێ هەزار و 300 کەسیان هاوڵاتی ئەفغانین، لە نێو ئەو کارمەندانەدا 600 ئافرەت هەن کە نزیکەی 400 یان ئەفغانین.

رامیز ئەکبەرۆڤ، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای راگەیاندووە، ئەم بڕیارە "پێشێلکردنی بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە".

ئەکبەرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکە، "پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی ئافرەتە"، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت ئەوە قبوڵ بکات، نە لە ئەفغانستان و نە لە هیچ وڵاتێکی دیکە.

لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو کارمەندە ئەفغانییەکانی کردووە تا ئاگادارکردنەکرێنەوە، نەیەنە فەرمانگەکان.

دوای دەرچوونی قەدەغەکردنەکە، چەند رێکخراوێکی ناحکومی راگرتنی چالاکییەکانیان راگەیاند، تەنها ئەوانەیان نەبێت کە لە هەندێک بواردا کاردەکەن لەو بڕیارە بەخشراون، وەک تەندروستی و خۆراک.

لە دوای ئەوەی لە مانگی ئابی 2021 تالیبان گەڕایەوە بۆ سەر دەسەڵات، رێگری لە ئافرەتان دەکرا کە زۆرێک لە کارە گشتیەکان وەربگرن، یان مووچەیان پێدەدرا بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بمێننەوە، بۆیان نییە بەبێ سەرپەرشتیاریان گەشت بکەن، هەروەها دەبێت لە کاتی دەرچوون لە ماڵەوە بە تەواوی خۆیان داپۆشن.