ئێران بوومەلەرزەکەی سووریای بۆ بەهێزکردنی پێگەی سەربازی خۆی لەو وڵاتە بەکارهێناوە
K24 - هەولێر:
ئێران بوومەلەرزەکەی سووریای بۆ بەهێزکردنی پێگەی سەربازی خۆی لەو وڵاتە بەکارهێناوە و ئیسرائیلیش زوو هەستیپێکردووە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ئێران توانیویەتی سوود لە بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەم ساڵی سووریا ببینێ و بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ بنکە و پێگە سەربازییەکانی خۆی لەو وڵاتە بیقۆسێتەوە و، ئیسرائیلیش هەر زوو هەستی پێکردووە و وەڵامی خێرای داوەتەوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 12ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، ئێران لە رێگەی رەوانەکردنی کاروانە فریاگوزارییەکانی بۆ لێقوماوانی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەم ساڵی سووریا، توانیویەتی چەندین پارچە چەکی جۆراوجۆر و کەلوپەلی سەربازی بگەیەنێتە خاکی سووریا بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرگرییەکانی ئێران دژی ئیسرائیل و بەهێزکردنی حکومەتی بەشار ئەسەد و هێشتنەوەی لە دەسەڵات و هاوکاریکردنی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریا و ناوچەکەدا.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران لە رێگەی فڕۆکەخانەی تارانەوە سەدان کاروانی چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی چەند هەفتەیی لە فڕۆکەخانەکانی دیمەشق، حەلەب و لازیقییە دابەزاندووە، هەروەها زۆربەی ئەو کاروانانە بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە فڕۆکەخانەی حەلەب لەلایەن یەکەی 18000ـی سووری سەر بە فەیلەقی قودسی ئێرانی وەرگیراون، کە باڵی دەزگای هەواڵگری بیانیی و باڵی نیمچە سەربازی سوپای شۆڕگێڕییە بە فەرماندەیی حەسەن مەهدەوییه.
چەند سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزییان راگەیاندووە، ئیسرائیل زوو هەستی بەوە کردووە، كه ئێران چەک و تەقەمەنی بۆ سووریا دەگوازێتەوە، لە بەرامبەردا دوای دابەزینی دوو فڕۆکەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی حەلەب، مووشەکبارانی فڕۆکەخانەکەیان کردووە.