"پارێزگای هەولێر پلانێکی تۆکمەی بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییان جێبەجێکرد"

راگه‌یەندراوێک له‌ ناوه‌ندی قه‌یرانه‌کانی پارێزگای هه‌ولێر

K24 - هەولێر

ناوەندی قەیرانەکانی هەولێر رایدەگەیەنێت: پارێزگای هەولێر پلانێکی تۆکمەی بۆ رووبەڕوبوونەوەی لافاو و پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییان جێبەجێکرد.

لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لەکاتی شەپۆلی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، ناوه‌ندی قه‌یرانه‌کانی پارێزگای هه‌ولێر رایگەیاند: پارێزگای هەولێر پلانێکی تۆکمەی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی لافاو و پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییان جێبەجێ کرد.

ناوه‌ندی قه‌یرانه‌کانی پارێزگای هه‌ولێر ئاماژەی بەوەکردووە: "دوابەدوای ئەو ئاگادارکردنەوەی کە لەلایەن کەشناسی لە چەند رۆژی رابردوو درا، تایبەت بەهاتنی شەپۆلێکی قورسی بارانبارین لە پارێزگای هەولێر کە مەترسی دروستبوونی لافاوی هەیە، راستەوخۆ بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن ئەنجامدرا و پلانێکی تۆکمە بۆ ئامادەباشی و رووبەڕووبونەوەی لافاو داڕێژرا. تیمەکانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودێری سەرەڕای ئەوەی کە چەندین مانگە خەریکی ئامادەباشین لەوچەند رۆژە بە بەردەوامی لەسەر جادەکانن و رێگری لە گیرانی مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاو دەکەن. راگەیاندنی ژمارەی تەلەفۆنی تایبەت بە سنووری شارەوانییەکان بۆ هەر هاووڵاتییەک کە هەر گرفتێکی هەبێت".

ناوه‌ندی قه‌یرانه‌کانی پارێزگای هه‌ولێر راشیگەیاندووە: "بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان هەماهەنگی تەواودەکات لەگەڵ لایەنەکان و لەسەر فەرمانی پارێزگار ئامێری پێویست لە تەواوی شوێنەکان جێگیرکران و تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستی و خۆبەخشەکان و تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی و، دەزگای خێرخوازی بارزانی خرانە ئامادەباشی تەواوە ل ەئەگەری روودانی هەر بابەتێکی نەخوازراو. لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر چەندین هۆتێل و مۆتێل بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان لە حاڵەتی پێویست دیاریکران. ئامێرەکانی گواستنەوە لەڕێی دەزگای خێرخوازی بارزانی دابینکران و .تیمەکانی بەهاناوەچوون و یەکەکانی زێرەڤانی خرانە ئامادەباشیەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "سەرەڕای ئەو شەپۆلە بەهێزەی ماوەی چەندین رۆژە ناوچەکەمانی گرتووەتەوە تاوەکو ئێستا توانراوە لەسەر هیلاکی تیمە ماندوونەناسەکان و بەپێی پلانی پارێزگار بارودۆخەکە تاڕادەیەکی باش کۆنتڕۆڵ بکرێت".