لە ساڵێکدا تورکیا زیاتر لە 124 هەزار کۆچبەری دیپۆرت کردووەتەوە

K24 - هەولێر

فەرمانگەی بەڕێوەبەردنی کۆچ-ی تورکیا رایگەیاند، لە چوار مانگی ئەمساڵدا 30 هەزار و 527 دیپۆرتی دەرەوە کراون.

لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی بەڕێوەبردنی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماری چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا لەنێوان رۆژانی 8 بۆ 12ـی نیساندا 958 کۆچبەری ئەفغانی لە رێگەی پێنج گەشتی ئاسمانییەوە دیپۆرتی وڵاتی خۆیان کراون".

باس لەوەشکراوە "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 10 هەزار و 261 کۆچبەری نایاسایی ئەفغانی لە رێگەی فڕۆکەوە رەوانەی وڵاتی خۆیان کراون".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو "لە کۆی گشتیدا لە سەری ساڵەوە تا ئێستا 30 هەزار و 527 کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتی وڵاتەکەیان کراون، لەکاتێکدا رێکارەکانی ناردنەوەی 18 هەزار و 20 کۆچبەریش بەردەوامە.

ئامارەکان لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو 124 هەزار و 441 کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی گەشتەکانی فڕۆکەوە رەوانەی وڵاتی خۆیان کرابوون.