لامپارد: نه‌مده‌زانی كوالیتی ریال مه‌درید ئه‌وه‌نده به‌رزه
دوای ئه‌وه‌ی له یاریی چوونی قۆناخی چاره‌كی كۆتایی چامپیۆنزلیگ یانه‌ی چێڵسی له نێو یاریگه‌ی بێرنابیۆ به دوو گۆڵی بێوه‌ڵام یارییه‌كه‌یان دۆڕاند، فرانك لامپارد له یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌یدا پێشبینی ده‌كات كه له یاریی گه‌ڕانه‌وه له نێو ستامفۆرد بریج ئه‌نجامێكی جادوویی رووده‌دات.
فرانك لامپارد دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی چێڵسی، له یه‌كه‌مین یاریی له‌م وه‌رزه‌ی چامپیۆنزلیگ بووه میوانی یانه‌ی ریال مه‌درید، یارییه‌كه‌ی به دوو گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر دۆڕاند.
له‌مباره‌یه‌وه فرانك لامپارد گوتی: هه‌موومان ده‌زانین ریال مه‌درید یانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، به‌ڵام لێتان ناشارمه‌وه ده‌ركمان به‌وه نه‌كرد ریال مه‌درید كوالیتییه‌كی ئاوها به‌رزی هه‌یه، ده‌ركه‌وت شتێكی ئاسان نییه تۆ بێیته یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و یارییه‌كه ببه‌یته‌وه، ئێمه به قۆناخی قورس تێپه‌ڕ ده‌بین، دۆخه‌كه ئاسان نییه، به‌ڵام له بارودۆخی تیپه‌كه تێده‌گه‌ین، یارییه‌كی گه‌وره و مێژوویی له هه‌فته‌ی داهاتوو چاوه‌ڕێمان ده‌كات، ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆر له ئه‌ستێره دیاره‌كانمان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین چیرۆكێكی له‌بیرنه‌كراو بنووسینه‌وه.
لامپارد ده‌شڵێت: ده‌زانم ئه‌ركمان قورسه، به‌ڵام به یاریزانه‌كانم گوتووه دڵته‌نگ مه‌بن، له یاریی گه‌ڕانه‌وه جه‌نگی راسته‌قینه له ستامفۆردبریج ده‌بێت و ره‌نگه ئه‌نجامێكی جادوویی رووبدات.
رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو كه ده‌كاته 18ـی ئه‌م مانگه، یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی چاره‌كی كۆتایی چامپیۆنزلیگ له له‌نده‌ن له نێو یاریگه‌ی ستامفۆردبریج له نێوان چێڵسی و ریال مه‌درید به‌ڕێوه‌ده‌چێت.