30 کۆمپانیای جیاواز بەشداری لە پێشانگەیەکی تایبەت بە هەلی کار لە سلێمانی دەکەن

دیمەنێکی پێشانگەکە
دیمەنێکی پێشانگەکە

K24 - سلێمانی:

لە زانكۆی ئەمریكی سلێمانی بە ئامانجی رەخساندنی ھەلی كار بۆ قوتابی و دەرچووانی زانكۆ، پێشانگەیەكی ھەلی كار كرایەوە و 30 كۆمپانیا لە چەندین بواری جیاواز بەشداریان تێداكرد، بەشداربووانی پێشانگەكە دەڵێن "پێدانی راوێژكاری بۆ دۆزینەوەی كار و ئاسانكردنی رێگەكان، ھەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی قوتابیان بەر لەوەی خوێندن تەواو بكەن بتوانن ببنە خاوەن كار".

پێشانگەی هەلی کار لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی  بۆ بەستنەوەی قوتابیان و دەرچووانی زانکۆ بە کۆمپانیا و رێکخراوە باڵاکانی عێراق و کوردستان دەستیپێکرد و هەلی کارەکان چەندین بواری جیاجیا لە خۆ دەگرن و کاری خۆبەخشیش بەشێکە لەم پێشەنگایە.

بە گوتەی بەشداربووانی پێشانگەکە، ئەم ئەزموونە دەرفەتێکی گرنگ دەرەخسێنێت بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار و ئاشناکردنیان بە ژیانی پیشەییان لە داھاتوودا، بەگوتەی بەشێک لە قوتابییە بەشداربووەکان، زۆرێکیان توانیان هەنگاوێک بۆ دۆزینەوەی کاری گونجاو بنێن و هەندێكیشیان  لە دروستکردنی پەیوەندیدان لەگەڵ کۆمپانیاکان .

لەلایەن خۆیەوە، فرمێسک عوسمان، سەرپەرشتیاری پێشەنگاکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، 30 كۆمپانیا بەشداری پێشانگەکەیان كردووە، كە وەك ھەوڵێكە بۆ رەخساندن و دۆزینەوەی كار بۆ قوتابی و دەرچووانی زانكۆ.

فرمێسک ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیا بەشداربووەکان ناوخۆیی و نێودەوڵەتین و جەختیان کردووەتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی کە دەرفەتی هەلی کاریان هەیە بۆ ئەوەی خوێندکاران سوودی لێبینن.

 زانکۆی ئەمریکی لە عێراق- سلێمانی ئەمە یانزەهەمین پێشانگەی هەلی کارە رێکیدەخات و بە ئامانجی ئەوەی دەرچووان بتوانن ببنە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی کە سبەینێ لە بازاڕی کاردا هاوکاریان بکات و هەلی کاری زیاتر بەدەستبهێنن.