شەپۆلی بارانبارین زێی گەورەی بووژاندووەتەوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

شەپۆلی بارانبارینی ئەم چەند رۆژە زێی گەورەی بووژاندووەتەوە بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێیەکەوە، بەشێك لە هاووڵاتییانی دانیشتووی ناوچەکە ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن، بە گوتەی خۆیان "ژیانیان لە مەترسی دایە".

لەلایەن خۆیەوە، کەشناسی هۆشداری هاتنی ئەو شەپۆڵە بارانە بەخوڕە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی گەورەی دابوو، هەروەها لایەنی پەیوەندیداریش هۆشداری دابووە تەواوی ئەو گوندنشینانەی لە نزیک زێی گەورەدان، کە بەتەواوی لێی دووربکەونەوە.

بەشێک لەو هاووڵاتییانەی کە دانیشتووی ئەو ماڵانەی نزیک زێی گەورەن، بە پەیامنیری کوردستان24ـیان راگەیاند، سەرەڕای هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان و زیانی ماددی بەڵام بەو دیمەنەی بووژانەوەی ئاوی زێی گەورە دڵخۆشن کە بووەتە هۆی رەوینەوەی وشکەساڵی.