وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: دیدارێکی گرنگ لە شاری هەولێر ئەنجام دەدەین

بەیاننامەیەک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

K24 – هەولێر:

لە یادی 35 ساڵەی شەهیدانی پڕۆسەکانی ئەنفالدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، جەخت لەسەر بەردوامی هەوڵەکان بۆ بەجیۆسایدناساندنی تاوانەکانی ئەنفال ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیەنێت بۆ بۆ بەرز و پیرۆز راگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكاندا و بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ئەمساڵ بۆ دیدارێکی گرنگ لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی هەرێم و عێراقی فیدڕاڵ و ئەکادیمی و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجام دەدات.

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە، "هاوکات هەموو توانا و هەوڵەکانیشمان دەخەینەگەڕ و پەرۆشی ئەوەین کە خزمەتی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی  و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆساید بکەین، چونکە شایانی ئەوپەڕی خزمەتکردنن".

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر داواكاری کەسوکارى قوربانیان دەكاتەوە بۆ ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵی پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو دوانەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکوژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

دەقی بەیاننامەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە یادی (35)  ساڵەی شەهیدانی پڕۆسەکانی ئەنفالدا

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان...

(35) سی و پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بەفەرمانی راستەوخۆی سەرانی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە عێراق، گەورەترین و بەرفراوانترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامدا.

ئەنفال  یەکێک بوو  لە و زنجیرە پلانە دڕندانانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ قڕکردنی نەژاد و ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی رەسەنی خۆمان.

رژێمی بەعسی رووخاو کە دارێژەر و جێبەجێکاری ئەو بەرنامەیەبوو، جگەلە تەختکردن و وێرانكردنی دێهاتەکان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، بەعس جگە لەپاکتاوی جەستەیی گەلەکەمان، کلتور و زمان  و ژینگە و سروشتی کوردستانیشی جینۆسایدکرد، بەو ئامانجەی جارێکیتر خاک ئاو و هەوای کوردستان جێگەیەکی شیاو نەبێت بۆ ژیان،

بەڵام كەمتر لە (3) سێ‌ ساڵ دوای ئەو شاڵاوە دڕندانەیە و لە ئاداری ساڵی 1991 کۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بەسەرجەم چین و توێژەکانەوە راپەڕین و لە چەند رۆژێکدا تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیان لە بەعس پاککردەوە و بۆ هەتاهەتایە كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی چەندین ساڵەی ئەو رژێمە هێنا کە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید و سەدان تاوانی دژبەمرۆڤایەتیان دژ بە گەلەکەمان ئەنجامدابوو.

كەسوكاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال

لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە رۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگا و وتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر رۆشنایی رێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو بڕیارەى كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساندو بڕیارى بە سزا گەیاندنى ئەنجامدەرانیشیدا.

بۆ بەرزو پیرۆز راگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكاندا و بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەكاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز رادەگریت، بۆ ئەمساڵیش بۆ بەرزو پیرۆز راگرتنی یادی شەهیدانمان دیدارێکی گرنگ لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی هەرێم و عێراقی فیدڕاڵ و ئەکادیمیان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجام دەدات.

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی جینۆساید..

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەک ئەرکێکی سەرەکی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی کەیسە جیاوازەکانی جینۆساید کە دەرهەق بە گەل و خاک و ژینگەی کوردستان کراوە، ویست و مەرامی وەزارەت ئەوەیە کە ئەم تاوانانە لە ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر بناسێنێت، هاوکات هەموو توانا و هەوڵەکانیشمان دەخەینەگەڕ و پەرۆشی ئەوەین کە خزمەتی زیاتری كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی  و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆساید بکەین، چونکە شایانی ئەوپەڕی خزمەتکردنن، هەر بۆیە جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاری رەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی دەستی رژێمی پێشوو دوانەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکوژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان...

سەربەرزی بۆ خانەوادەکانیان...

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان

14/4/2023