سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال دەکەینەوە

"دەرهاویشتە هەمەلایەنەکانی ئەم تاوانە هۆڤانەیە، هەر ماون و برینەکان تا ئێستاش ساڕێژ نەبوون"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 35ـەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال دەکەینەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و زيانلێکەوتووان و بنەماڵە و کەسوکاری ستەملێکراوی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

‎ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و کۆڤانەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوە بەدناوەکانی (ئەنفال) دەکەینەوە، کە یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعسی عێراق، بە چەند قۆناغێكی جیا، بە هەزاران خەڵكی سیڤل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی ڕاپێچ كرد و لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندەبەچاڵی كردن و بەشێكی زۆریان تا ئێستاش بێسەر و شوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

‎تاوانی ئەنفال، جینۆسایدێكی دڕندانە بوو نەک تەنیا دژی گەلی کوردستان، بەڵکوو دژی هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان بوو، کە بە داخەوە لێكەوتە و دەرهاویشتە هەمەلایەنەکانی ئەم تاوانە هۆڤانەیە، هەر ماون و برینەکان تا ئێستاش ساڕێژ نەبوون.

‎لەم یادە خەمگینەدا، کە بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و زيانلێکەوتووان و بنەماڵە و کەسوکاری ستەملێکراوی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکاتەوە و هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، بتوانێت خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکات.

‎لە یادی پڕخەمی شاڵاوەكانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادمانن.

‎مەسرور بارزانی

‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/4/14