د. محەممەد ئیحسان: کەیسی جینۆساید کەیسی حزبێکی سیاسی نییە و کەیسی کوردستانیانە

د. محەممەد ئیحسان
د. محەممەد ئیحسان

K24 - هەولێر:

د. محەممەد ئیحسان لەبارەی بە جینۆسایدناساندنی شاڵاوی ئەنفال دەڵێت: کەیسی جینۆساید، کەیسی حزبێکی سیاسی نییە، کەیسی کوردستان و کوردستانییەکانە و هەربۆیە پێویستە حکومەت و هەموو حزبە کوردییەکان خۆیان رێکبخەن و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان بۆ بەنێودەوڵتیکردنی شاڵاوی ئەنفال بەکاربهێنن.

د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆ و وەزیری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەت بە یادی 35 ساڵەی ئەنفال کە ئەمڕۆ لە هەولێر بە سپۆنسەری میدیای کوردستان24 بەڕێوەدەچێت باسی لەوەکرد، رەچەتەیەکی دیاریکراو نییە بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسەکانی ئەنفال لە جیهاندا، وەک نەخۆشییەکە، هەر کەیسێک جیاوازی هەیە لەگەڵ کەیسێكی دیکەدا.

بە گوتەی د. محەمەد ئیحسان، کەیسەکانی جینۆساید بەشێکیان پەیوەستن بەو کاتەی تێیدا ئەنجامدراوە، بۆ نموونە کەیسی ئێزدییەکان، ئەگەر لە پێش 2002 روویدابا، جیاوازی دەبوو لەگەڵ ئێستا.

د. محەممەد ئیحسان ئەوەی خستەڕوو، کە ژمارەی ئەو قوربانییانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەڕووی ئەکادیمی و لە کەرتی پەروەردەدا کەمتەرخەمی تێدا کراوە، چونکە ئەو ژمارانە زۆر گرنگن لە ناساندنی ئەنفال لەڕووی ئەکادیمییەوە.

ئەو ئاکدیمیستە رایگەیاند، لە شاڵاوی ئەنفال سەدا 90ـی ژێرخانی کوردستان لەناوبرا.

د. محەممەد ئیحسان جەختی لەوەکردەوە، بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفال و کەیسەکانی دیکەی جینۆساید لە کوردستان، پێویستە ناوەندێکی ئەرشیفی باش هەبێت، بۆئەوەی لە توێژینەوەکاندا داتاکان بە ئاسانی لە یەک جێگەدا بکەوێتە دەستی کەسانی ئەکادیمیست.