ئەمیندارییەتی بەغدا: کەمترین بودجەمان هەیە لەناو پایتەختەکانی وڵاتانی جیهاندا

بەغداد - مەنسوور
بەغداد - مەنسوور

K24 – هەولێر:

دوای پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای بودجە بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، ئەمینداریەت و دەزگا خزمەتگوزارییەکانی بەغدا داوای زیادکردنی بەشە بودجەی تەرخانکراو بە شارەکە دەکەن و رایدەگەیەنن، بەغدا کەمترین بودجەی لەسەر ئاستی پایتەختەکانی جیهان بۆ تەرخانکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، کازم عەبد حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی مەنسوور رایگەیاندووە، بەغدا بەهۆی ئەوەی ژێرخانی خزمەتگوازییەکانی زۆر کۆنە، پێویستە پارەیەکی زیاتری بۆ تەرخانبکرێت، بەجۆرێک لەگەڵ فراوانبوونی شارەکە، ئاوەڕۆکانی بەغدا توانای لەخۆگرتنی ئەو رێژە زۆرەی ئاوی نییە.

ئەو بەپرسەی شارەوانی ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆڕی ئاوەڕۆی بەغدای پایتەخت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1980 کە کۆمپانیای مدماکی هیندی دروستیکردووە و لەدوای ئەوە هیچ پرۆژەیەکی ئاوەڕۆی نوێ لە بەغدا دروستنەکراوە.

کازم عەبد حەسەن ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەغدا تاوەکو ئێستا بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکان پشت بە داهاتی شارەوانییەکان بەستراوە و ئەو رێژەش لە بودجەی کارپێکردن تەرخاندەکرێت، تەنیا دەدرێت بە مووچەی فەرمانبەران.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی مەنسوور داوادەکات بودجەی زیاتر بۆ شارەوانییەکەیان تەرخانبکرێت، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت و بە سەنتەری بازرگانی سەرەکی لە عێراق دادەنرێت.