کەمال کەرکووکی: رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکووک کراوە و پارتی بۆ شارەکە دەگەڕێتەوە

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان-ـی پارتی دیموکراتی کوردستان
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان-ـی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

لەدوای رووداوەکانی (16ـی ئۆکتۆبەری 2017)ـوە، دۆخێکی نالەباری سیاسی و ئەمنی لە کەرکووک دروستبووە بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستەکەیدا هەوڵەکان بە ئارستەی چارەسەرکردنی دۆخی شارەکە هەنگاو دەنێن، بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دوای شەش ساڵ، ئاماژە بە گەڕانەوەی حزبەکەی دەکات بۆ شارەکە.

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێخکستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک_گەرمیان ئەمڕۆ (هەینی 14ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکوک کراوە و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ شارەکە، بەڵام هەندێک کێشەی تەکنیکی هەن کە پێویستە چارەسەربکرێن.

بەرپرسی مەکتەبی رێخکستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک_گەرمیان باسی لەوەکرد، کورد، شیعە و سوننە رێککەوتوون لەسەر ئاساییکردنەوەی کەرکووک، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم رێککەوتنە خرایە ناو کارنامەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانیشەوە دەنگی لەسەر دراوە و پەسند کراوە.

کەمال کەرکووکی گوتیشی، هەموو هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکووک بە رێککەوتن و بە بەڵگە و بە ئیمزا تەواو بووە، تەنیا لایەنی تەکنیکی بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە ماوە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی لە کەرکووک گەشبینی خۆی نیشاندا لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەلایەن سوودانییەوە، جیاواز لە سەرۆکوەزیرانی پێشووی خۆی.