بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان سەندیکاکانی کرێکاری لە فەرەنسا داوایەک لە ماکرۆن دەکەن

خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا
خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا

K24 - هەولێر:

خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا دژی یاسای نوێی خانەنشینی لە ژمارەیەک شار و ناوچەی ئەو وڵاتە بەردەوامییان هەیە و لە مانگێک نزیکدەبێتەوە و رۆژ لەدوای رۆژیش ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر دەبن، هاوکات سەندیکاکانی کرێکاری لە فەرەنسا داوا لە سەرۆکی ئەو وڵاتە دەکەن واژوو لەسەر چاکسازی تەمەنی خانەنیشینی نەکات.

ئەمڕۆ هەینی (14ـى نيسان/ ئێپڕێڵی 2023) سەندیکاکانی کرێکاری لە فەرەنسا وەک کۆتا هەوڵیان بۆ رێگریکردن لە پرۆژە یاسای چاکسازی تەمەنی خانەنیشینی، داوایان لە ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد پڕۆژە یاساکە واژوونەکات و نەبێت بە یاسا.

سەندیکاکانی کرێکاری لە فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە، "لە سۆنگەی بەرهەڵستیکردنی فراوانی رای گشتی بەرامبەر بە چاکسازییەکە، داوا لە سەرۆکی فەرەنسا دەکەن ئەم یاسایە تێنەپەڕێنێت".

بەیاننامەکە جەختیشدەکاتەوە، رەتکردنەوە و واژوونەکردنی ئەو پرۆژە یاسایە تاکە رێگەیە بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی و دەنگی ناڕەزایی لە وڵات.

ئەمڕۆ هەینی، دادگای دەستووری فەرەنسا بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە تەمەنی خانەنیشی پەسەندکرد، دوای راگەیاندنی پەسندکردنەکەش ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئاستە جیاوازەکان بە بەرفراوانی بەردەوامییان هەبوو.

خۆپیشاندانەکان لە شار و ناوچەکانی فەرەنسا دژی یاسای نوێی خانەنشینییە کە تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵی بۆ 64 ساڵی بەرزدەکاتەوە.