راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم: پێویستە گرنگی زیاتر بە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بدرێت

K24 - هەولێر:
راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان بە پێویستی دەزانێت گرنگی زیاتر بە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بدرێت و دەڵێت: ئەگەر پۆند و بەنداوەکان نەبوونایە، کاریگەری ئەو بارانبارینەی چەند رۆژێک لەمەوبەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی گرتەوە، زۆر زیاتر دەبوو.
بارانبارینی چەنر رۆژی رابردوو لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان سەچاوەکانی ئاوی بووژاندووەتەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکانی بەرزکردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە بەنداوەکان سەرڕێژ بوون.
ئەمڕۆ شەممە 15ـی نیسانی 2023، د.بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە و سامانە سروشتییەکان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24، کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی دەکرد، باسی لە کاریگەری شەپولی بارانبارینەکەی چەند رۆژی رابردووی هەرێمی کوردستانی کرد.
راوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرهەڵدان و ئاڵۆزبوونی کێشەی ئاو لە عێراق بۆ گۆڕینی کەشوهەوا، کەمبوونی رێژەی بارانبارین و گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە و نەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکی باش بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو گەڕاندەوە.
رۆژی پێنجشەممە 13ـی نیسانی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی کێشەی ئاو و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاوی بەنداوەکان، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی عێراق کۆبووەوە.
بەگوتەی خنسی، بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بەشێوەیەک باسی دروستکردنی بەنداویان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کردووە، وەکو ئەوەی 100 بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروستکرابن و دەڵێت، "ئەوانەی دروستکراون، بەنداو نین، پۆندی ئاون و دەکەونە ئەو شوێنانەی رووبار، بیر و کانییان لێ نییە و وشکن. حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە ساڵانە بە کەمی 25 پۆند لەو شوێنانە دابیننکرێن، بۆ ئەوەی ئاو بە هاووڵاتییان بدرێت و ناچار نەبن بۆ بەدەستخستنی ئاو روو لە شارەکان بکەن و کێشەی ئاو قۆڵتر ببێتەوە".
وەکو ئەوەی راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکرد، شاندەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو پلانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە پیشانداوە. پێشی باشە، ئەو پۆندانە لە سەرجەم شارەکانی عێراق دروستبکرێن، "چونکە ئاو لە عێراق کەمبووەتوە و هاووڵاتییان پێویستییان پێیەتی".
د. بێوار خنسی گوتی: "قەبارەی گلدانەوەی ئاو لە عێراق زۆر کەمبووە. ساڵی 2020 نزیکەی 53 ملیار مەتر سێجای ئاوی گلدراو هەبووە، بەڵام ئێستا رێژەی ئاوی گلدراو لە هەر چوار بەنداوی سەرەکی حەدیسە، مووسڵ، دووکان و دەربەندیخان دەگاتە هەشت ملیار مەتر سێجا، ئەمەش رێژەیەکی یەکجار کەمە بەراورد بە ساڵی 2020."
بە گوتەی ئەو شارەزای بواری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2008 هەستی بەوەکردووە، عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا تووشی کێشەی ئاو دەبن و بە پێویستیان زانیوە هەر ئەو کات دەست بە دروستکردنی بەنداو بکرێت، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو کێشەیە ببنەوە.
خنسی پێیوایە ئەگەر پۆند و بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان نەبوونایە، کاریگەری ئەو بارانبارینەی چەند رۆژێک لەمەوبەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی گرتەوە، زۆر زیاتر دەبوو، "بۆیە بە پێویستی دەزانین گرنگی زیاتر بە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بدرێت و رێژەیەکی زیاتر دروستبکرێن."
رۆژی شەممە 1ـی نیسانی 2023، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری حکومەتی هەرێمی راگەیاند: "رەزامەندی دراوە لەسەر دروستكردنی 37 پۆند لە هەمووی هەرێمی كوردستان بە تێچووی نزیكەی 27 ملیار دینار، جگە لەوەش رەزامەندی دراوە لەسەر 4 پۆندی تر کە لە قۆناغی رەزامەندیی داراییدایە".
روونیکردەوە: "بە گشتی، ساڵی رابردوو رەزامەندیی 41 پۆندمان وەرگرتووە، بەشێكیان ئیشیان تێدا دەكرێت و تا ئاستی 40% ئیشەكانیان جێبەجێ كراوە، هەندێكیان تەندەریان بۆ كراوە و هەندێكیشیان كێشەی زەویوزاری هەیە".
رۆژی دووشەممە 3ـی نیسانی 2023، خالد شهماڵ، گوتهبێژی وهزارهتی سهرچاوهكانی ئاوی عێراق بڵاویكردەوە، "بهپێی رێككهوتنی نێوان ههردوو وڵات، توركیا لهمڕۆوه دهست به بهردانهوهی ئاوی عێراق لهسهر رووباری دیجله دهكات و بهپێی رێككهوتنهكهش له چركهیهكدا 1500 مهتر سێجا ئاو دهبێت و راستهوخۆ كاریگهری ئهرێنی بهسهر ئاوی عهمباركراو و ژیانهوهی ئههوارهكان و پلانی كشتوكاڵی عێراقهوه دهبێت."
شهماڵ ئاماژهی بهوەشکرد، ئهو رێككهوتنهی كراوه بۆ ماوهی مانگێكه و شیاوی درێژكردنهوهیه و گفتوگۆ و دانوستانهكانی نێوان بهغدا و ئهنقهره بهردهوام بۆ ئهوهی ئهم پرسه بهشێوهیهكی یهكسان چارهسهربكهن.
رووباری دیجلە لە داوێنەکانی خوارووی زنجیرە چیای رۆژهەڵاتی توروس لە باکووری کوردستان هەڵدەقوڵێت، دوای ئەوەی لە باکووری گوندی پێشخاپوور دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بە نێو دۆڵێکی فراوانی پێچاوپێچدا دەڕوا، پاشان بانی موسڵ دەبڕێت و لەوێدا بەنداوی موسڵی لەسەر هەڵچێنراوە، پاشان بەرزاییەکانی حەمرین لە تەنگەبەری فەتحە دەبڕێ و بە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژهەڵات درێژدەبێتەوە.
درێژییەکەی لە پیشخاپوورەوە تا فەتحە 410 کیلۆمەتر دەبێت، پێنج لقی سەرەکی تێدەڕژێ کە دەکەونە بەری رۆژهەڵاتی رووبارەکە بە دوای یەکدا ئەمانەن: خابوور، زێی گەورە، زێی بچووک، رۆخانە (عوزێم) و سیروان (دیالە).