50 گەڕەکی سەماوە بە زێدەڕۆیی دروستکراون

دانیشتوانی سەماوە بەدەست کەمی خزمەتگوزاری دەناڵێنن

K24 - سەماوە

بەهۆی بێ پلانی حکومەت و نەبوونی خزمەتگوزاری بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی پارێزگای سەماوە لە خانووی زێدەرۆدا دەژین، بەپێی ئامارەکان 50 گەڕەکی زێدەرۆ لە پارێزگاکە هەن، بەمەش شوێنی زێدەرۆ لە پارێزگاکە دەگاتە %46.

سەماوە کەمترین رێژەی دانیشوانی هەیە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵام تا ئێستا دانیشتوانەکەی بەدەست کێشەی کەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.

جوبێر فەرحان،  هاووڵاتییەکی دانیشتووی پارێزگای سەماوەیە، ئەو لە خانووێکی خراپدا ژیان بەسەردەبات، بەڵام بە بیانووی زێدەڕۆیی حکومەت داوا دەکات ئەو خانووەش جێبهێڵێت، ئەو دەڵێت: "ئەگەر حکومەت گوتی لەم خانووە دەرچن، دەبێت چۆڵی بکەین، من 17 ساڵە لەم شوێنە دەژیم و نازانین بۆ کوێ بڕۆین".

ئەم چیرۆکەی جوبێری تەمەن 73 ساڵ چیرۆکی زۆری دانیشتوانی سەماوەیە، چونکە زۆربەیان لە خانووە زێدەڕۆکاندا دەژین، ترسی ئەوەیان هەیە بەناوی زێدەڕۆەوە ئەو پەناگەشیان لێ تێکبدەن.

هاووڵاتییەکی دیکەی سەماوە بەناوی عەبد عەلی، بە کوردستان24ی گوت: "بۆ کوێ بڕۆین، مەگەر بڕۆینە سوودان و لیبیا بتوانین بژین، من دەمەوێت بڕۆم لە لیبیا ببمە چەکدار، تاکو پارەو نانێک بۆ منداڵەکانم پەیدا بکەم".

حەمزە عەلی، جێگری پارێزگاری سەماوە بۆ ناوچە زێدەڕۆکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لیژنەیەکی کارگێری و ئەندازیاریمان پێکهێناوە، بەڵام شارەوانی ناتوانێت خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکات".

ساڵانە گەشەی دانیشتوانی پارێزگای سەماوە لە %3 زیاد دەکات، بەڵام بەهۆی بێ پلانی حکومەت لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون زیاتر لە 21 هەزار شوێنی زیادەڕۆ لە پارێزگاکە بوونیان هەیە.

پارێزگای سەماوە، لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین گەڕەکی زێدڕۆی تێدایە، 33 گەڕەکیان لە سەنتەری شار و 15 گەڕەکی دیکەشیان لە سنووری قەزا و ناحییەکانن، ئەمە لە کاتێکدایە پارێزگای موسەننا بەدووەم گەورەترین پارێزگای عێراق لە رووی رووبەرەوە دادەنرێت.