پێنج بەرپرسی نەمسا بەهۆی هاوکاریکردنی ئەفسەرێکی سووری دادگایی دەکرێن

دیمەنێکی نێو دادگاکان (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)
دیمەنێکی نێو دادگاکان (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)

K24 - هەولێر:

دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی باڵای نەمسا لە ڤیەننا بەڕێوەچوو، کە تۆمەتبارن بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. گومانیان لێدەکرێت پارێزگارییان لە ئەفسەرێکی سووری کردبێت کە تۆمەتبارە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

دادگاییەکردنەکە رۆژی هەینی 14ی نیسان 2023 بەڕێوەچوو و ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکردووە، تۆمەتباران دەسەڵاتی خۆیان بەکارهێناوە، بە یارمەتیدانی جەنەراڵێکی پێشووی سووریا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری لە نەمسا.

داواکارانی گشتی رایانگەیاندووە، چوار کارمەندی هەواڵگری و بەرپرسێکی فەرمانگەی پاراستنی پەنابەران ئاسانکاریی نایاساییان کردووە، بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری بۆ خالید ئەلحەلەبی، کە باڵاترین بەرپرسی سووریایە لە ئەوروپا.

رۆژنامەی نەمسا ئاشکرای کردووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، بەپێی ئەو رێککەوتنە مامەڵەیان کردووە کە لە مانگی ئایاری 2015 لەگەڵ هاوبەشێکی بیانی کراوە، کە ڕایگەیاندووە "موساد"ە، کە دەزگای هەواڵگری دەرەکی ئیسرائیلە.

داواکاری گشتی پشتڕاستی کردەوە، کە "دەزگای بیانی هاوبەش" بە ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆی دیپلۆماسی لەسەرە، ئەم ئەفسەرە سوورییەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە فەرەنساوە بە قاچاخ بردووە، بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە بۆ نەمسا.

پاشان دەزگاکانی نەمسا بە ئۆتۆمبێلێکی خزمەتگوزاری گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نیشتەجێبوون، دواتر کارووبارەکانیان رێکخست بۆ ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی 2015دا مافی پەنابەری وەربگرێت، بەبێ ئەوەی ڕێز لە ئەرکی خۆیان بگرن کە فەرمانگەی داواکاری گشتی ئاگادار بکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆمەتبارانەی کە تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە، سزای زیندانیکردنیان تا پێنج ساڵ دەبێت.

کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی داد و لێپرسینەوە کە رێکخراوێکی ناحکومییە، لە ساڵی 2016، دەسەڵاتدارانی نەمسای ئاگادار کردەوە، لە گومانی تێوەگلانی خالید ئەلحەلەبی لە تاوانەکانی جەنگ لە سووریا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، خالید ئەلحەلەبی لە ساڵی 2009 تا 2013 پۆستی بەرپرسی هەواڵگری ئاسایشی سووریای لە رەقە وەرگرتووە و لەو چوارچێوەیەشدا تۆمەتبارە بە سەرپەرشتیکردنی ئەشکەنجەدان و تاوانەکانی دیکەی دژ بە خەڵکی سڤیل، لەگەڵ هاتنی داعشیش لە ساڵی 2013دا هەڵاتووە بۆ فەرەنسا و لەوێش رووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری.

داواکاری گشتی رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن، چەند بەرپرسێکی رژێمی سوریا لە ئەوروپادا دادگایی دەکرێن.