وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەحرەین و عومان کۆدەبێتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرێن
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرێن

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق بە پێویستی دەزانێت یاداشتی لێکتێگیشتن لەنێوان عێراق و بەحرەین بە گفتوگۆ و راوێژی سیاسی بکرێت، هاوکات رایدەگەیەنێت، عێراق خوازیاری کاراکردنی هاریکارییەکانە لەگەڵ عومان لە سەرجەم بوارەکاندا.

دوێنێ (هەینی 14ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی راوێژکاری نێوان وڵاتانی کەنداو و هەریەک لە عێراق، میسر و ئوردن سەبارەت بە دووبارە گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو چالاکییەکانی گۆڕەپانی عەرەبی، گەیشتە شاری جەددەی سعوودییە.

ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی راوێژکاری نێوان وڵاتانی کەنداو و هەریەک لە عێراق، میسر و ئوردن فوئاد حسێن لەگەڵ عەبدولـلەتیف ئەلزەییانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین کۆبووەوە و لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق و بەحرەین و کاراکردنی یاداشتی لێکتێگیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا کرایەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرەین رایگەیاند، ئاسایشی نیشتمانی پەیوەندی بە ئاسایشی ناوچەکەوە هەیە و کاریگەی ئەرێنی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا دەبێت. هەروەها ئامادەیی عێراقیشی دووپاتکردەوە بۆ هاریکاری دووقۆڵی بەرهەمدار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کرد و رایگەیاند، بەحرەین بە بایەخەوە دەڕوانێتە عێراق و پێی وایە سەقامگیری عێراق کاریگەری و رەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ئاسایشی ناوچەکەدا دەبێت.

هەر ئەمڕۆ شەممە وەزیری دەرەوەی عێراق لە شاری جەددە چاوی بە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری وەزیری دەرەوەی میرنشینی عومان کەوت و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا جەخت لەسەر گفتوگۆ کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، هاوکات فوئاد حوسێن رایگەیاند، عێراق لەژێر رۆشنایی پەیوەندییەکی بەهێز، خوازیاری کاراکردنی هاریکارییەکانە لەگەڵ عومان لە سەرجەم بوارەکاندا.

لەلای خۆیەوە ئەلبوسەعیدی، ئاماژەی بە پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق لە هەموو رووەکانەوە بەتایبەتی بارودۆخی ئەمنی کرد و رایگەیاند، ئێستا بارودۆخی ئەمنی عێراق بە بەراورد بە رابردوو باشتر بووە. گوتیشی، عومان هەموو هەوڵێک دەدا بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەناهەندە عێراقییەکان بۆ وڵاتەکەیان و رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆیان.

وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان