بەختیار حەیدەر: سەندیکای پارێزەران سکاڵا لەسەر هێرشکارانی سەر پارێزەرەکەی هەولێر تۆماردەکات

بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان
بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان

K24 – هەولێر:

نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بە توندی هێرشکردنە سەر پارێزەرێک لە هەولێر ئیدانە دەکات و رایگەیاند، " سکاڵا لەسەر بکەرانی ئەو رووداوە تۆمار دەکەین و کەیسەکە بە کەیسی خۆمان هەژمار دەکەین و داوەکەمان ناکشێنینەوە".

بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی ژووری هەواڵی کاتژمێر هەشت بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئەو تاوانەی ئەمڕۆ ئەنجامدرا جێگای قبوڵ نییە، بە تایبەت هێرشکردن بۆ سەر پارێزەر و دادوەران، بەڵکو دەبێت رێزیان لێبگیرێت و ژیانیان پارێزراو بێت.

نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان راشیگەیاند، پێویستە سنوورێک بۆ تاوانباران دیاری بکرێت و با تووندی سزا بدرێن، هەروەها ئەو کەیسە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ماددەی 412 دەیگرێتەوە، کە سزاکەی زیندانیکردنە کەمتر نەبێت لە پێنج ساڵ.

بەختیار حەیدەر، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەموو کێشەیەک لە دادگا یەکلایی بکرێتەوە، سوڵحی عەشایری نەبێتە جێگرەوەی دادگاکان، چونکە سوڵحی عەشایەری هۆکارێکە بۆ ئەوەی تاوان زیادبکات.

نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان گوتیشی: "ئێمە وەکو سەندیکای پارێزەران بە مافی خۆمان دەزانین سکاڵا لەسەر بکەرانی ئەو رووداوە تۆماربکەین و کەیسەکە بە کەیسی خۆمان هەژمار دەکەین ئەگەر داواکاریش داوەکەی بکشێنێتەوە ئێمە داوەکەی خۆمان ناکشێنینەوە و سازشناکەین".

ئەمڕۆ بەیانی (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، چەند کەسێک لە هەولێر هێرشیان کردە سەر پارێزەرێک بەناوی محەممەد یابە سۆفی، دوای ئەوەی زۆری لێدەدەن و قژیان تاشیوە و جێیان هێشتووە.

دوای رووداوەکەش، ئەو پارێزەرە بۆ چارەسەری پزیشکی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و یونس یابە، برای ئەو پارێزەرە بە کوردستان24ی گوت: "هێرشکردنە سەر براکەم بەهۆی کەیسی ژن و مێردێک بووە، ماڵی ژنەکە براکەمیان کردووەتە بریکاری خۆیان، لایەنەکەی تر کە ماڵی پیاوەکەن بە یاسا رازی نەبوونە و براکەمیان رفاندووە و سێ کاتژمێر لێیانداوە و هەموو گیانی بووەتە خوێن".