پەرلەمانتارێکی پارتی: تیمی وەزاری یەکێتی هیچ بیانوێکیان نەماوە بۆ نەگەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران

kurdistan24.net

K24 – هەولێر: 

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەندینجار داوایان لە تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردووە بگەڕێنەوە بۆ نێو کۆبونەوەکانی حکومەت، بە فەرمی تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قوباد تاڵەبانی دەکات بۆ گەڕانەوەی تیمەکەیان بۆنێو کۆبونەوەکانی حکومەت، بۆ ئەم مەبەستەش هیچ بیانوێکیان نامێنێت بۆ نەگەڕانەوەیان بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.

ئەمڕۆ شەممە (15ــی نیسان/ ئێپڕێڵی2023)، نزار مەلا غەففار، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، سەردانی فەرمی تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لای تیمی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان کۆتایی بە پاساوی نەگەڕانەوەی تیمی وەزاری یەكێتی بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەهێنێت.

لەلایەن خۆیەوە، سەڵاح باپیر، گوتەبێژی مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، گفتوگۆ رێگەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەری کێشەکان، هەروەها هەر هانگاوێک بندرێت لە پێناو ئاشتەوایی و یەکڕیزی نێوماڵی کورد، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیار وایە رۆژی یەکشەممە (16ـی نیسانی 2023)، هەریەک لە وەزیران (پشتیوان سادق، دانا عەبدولکەریم و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود) سەردانی قوباد تاڵەبانی بکەن و داوای لێبکەن لە سۆنگەی هەستکردن بە بەپرسیاریەتی بەرامبەر بە ئەرکی خۆیان لە حکومەتدا، خۆیی و تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.