گوتاری زانایەکی ئایینی سعوودی لەبارەی لێکنزیکبوونەوەی سعوودیە و ئێران هەرادەنێتەوە

ئیبراهیم زوبەیدی، زانای ئایینی سعوودی
ئیبراهیم زوبەیدی، زانای ئایینی سعوودی

K24 – هەولێر:

لەگەڵ لێکنزیکبوونەوەی سعوودییە و ئێران و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، وا دەردەکەوێت زانایەکی ئایینی سوننە لە سعوودیە دان بە بوونی مەزهەبی شیعە لە وڵاتەکەیدا دادەنێت.

بەگوێرەی وێبسایتی (الحرة) ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوبووەتەوە، گوتاری زانایەکی سعوودیە بە ناوی (ئیبراهیم زوبەیدی) و هەشت ساڵ لەمەوبەر بڵاوبووەتەوە و وەک خۆی دەڵێت باس لە "پیلانگێڕییەکانی شیعە لە وڵاتی حەرەمەینی شەریفەین" دەکات.

رستەیەک لەگەڵ گرتە ڤیدیۆکە هاوپێچکراوە و تێیدا نووسراوە "دواجار سعوودیە بە فەرمی دانی بە مەزهەبی شیعەدا نا لە وڵاتەکەی"، بەڵام وێبسایتی (الحرة) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو گرتە ڤیدیۆیە کۆنە و پارچەیەکی بڕدراو و وەرگیراوە لە گوتارێکی درێژی ئیبراهیم زوبەیدی کە یەکێکە لە زانا ئایینییەکانی مەزهەبی سوننە لە سعوودییە و لەو بەشەی لە گوتارەکەیدا بڵاونەکراوەتەوە باس لەوە دەکات بەرنامەڕێژییەک لە ئارادایە بۆ ناساندنی مەزهەبی شیعە لە سعوودیە و دانپێنانی لە چوارچێوەی فەرمیدا کە داوای هەمان ئەو دەستکەوتانە دەکەن کە لە وڵاتانی دراوسێی سعوودیە بەدەستیان هێناوە یانیش بۆیان دەستەبەرکراوە.

(الحرة) نووسیویەتی بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە هیچ پەیوەندییەکی بە هەوڵ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی نێوان سعوودییە و ئێران نییە، بەڵکو گوتارێکی کۆنی زانا ئایینییە سعوودییەکەیە کە پێێ وایە بەشیعەکردنی سعوودیە پڕۆسەیەکی بەرنامەبۆداڕژراوە و دەبێت حکومەت و هاووڵاتییانی سعوودییە لێی بەئاگابن.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، شیعەکانی سعوودییە کە رێژەی (10 – 15%)ـی کۆی گشتی دانیشتووانی سعوودیە پێکدەهێنن، بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی نێوان سعوودییە و ئێران لە هەموو مافە مەزهەبییەکانیان بێبەشکراون.