ئەمساڵ لە سنووری ئاکرێ هەزار دۆنم زەوی بە تەماتە دادەچێنرێت

K24 - ئاکرێ

ماوەی چەند رۆژێکە لە سنووری قەزای ئاکرێ جووتیاران دەستیان بە چاندنی شەتڵی تەمان کردووە، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سنوورەکە پێشبینی دەکات  ئەمساڵ لەو سنوورەدا نزیکەی 1000 دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە تەماتە دادەچێنرێت، جووتیارانیش هیواخوازن کاتێک بەرهەمەکەیان پێدەگات حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ رێگری لە بەرهەمی هاوردە بکەن.

سمایل محەممەد، جووتیارێکی سنووری ئاکرێیە و ساڵانە زیاتر لە 20 دۆنم زەوییەکەی بە تەماتە دادەچێنێت، ئەو دەڵێت: "ئەمساڵ شەتڵە تەماتەی زیاترمان داچاندووە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، داوای لە حکومەت دەکەین کاتی پێگەیشتنی بەربوومی ئێمە هاتنی ئەو بەربوومانە لە دەرەوە رابگرێت".

جووتیارێکی دیکەی ئاکرێ بەناوی شاكر نه‌بی، بۆ کوردستان24 جەختدەکاتەوە ئەمساڵ زەوی زیاتر بە تەماتە دادەچێنن، ئەو گوتی: "لە پلانماندایە ئەمساڵ لە هەموو ساڵەکانی دیکە زیاتر شەتڵە تەماتە دابچێنین، چونکە ئەمساڵ رێژەیەکی باش بارانباریوە".

بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ ئەمساڵ زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی ئەو سنوورە بە تەماتە دادەچێنرێت.

كاروان جه‌مال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ بە کوردستان24ی گوت: "کەشوهەوای دەڤەری ئاکرێ گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی تەماتە، بۆیە زۆر لە جووتیارانی سنوورەکەمان روویان کردووەتە داچاندنی شەتڵە تەماتە، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ تا هەزار دۆنم زەوی بە تەماتە دابچێنرێت".