وەزارەتی دەرەوەی سعوودیه: كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌نعا ئه‌رێنی بوون
K24 - هەولێر:
سعوودیه وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی دانوستانەکان کە لە سه‌نعا پایتەختی یەمەن ئەنجامدراون "ئەرێنی" بوون، ئاشكراشیكرد، راوێژی زیاتر پێویستە و لە كورتترین ماوه‌دا دانوستانەکان تەواو دەبن.
لە راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له‌لایه‌ن وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژە بەوە کراوە، شاندی وڵاته‌كه بە سەرۆکایەتی محەممەد جابر، باڵیۆزی سعوودیه لە یەمەن، لە نێوان رۆژانی 8-13ی نیسان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە شاری سه‌نعا ئەنجامداوە.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، لە كۆبوونه‌وه‌كاندا گفتوگۆی قووڵ لەسەر زۆر بابەتی پەیوەست بە دۆخی مرۆیی یەمەن، ئازادکردنی سەرجەم زیندانییان، ئاگربەست و چارەسەری سیاسیی گشثگیر كراوه و گفتوگۆكان له كه‌شێكی گه‌شبینانه و ئه‌رێنیدا به شه‌فافی به‌ڕێوه‌چوون.
لە راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە: "دانوستانه‌كان پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە، ئەم کۆبوونەوانە بە زووترین کات تەواو دەبن و ئەمەش بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه یه‌مه‌نییه‌كان دەبێتە هۆی چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر، قبوڵكراو كه توانای درێژه‌پێدانی هه‌بێت".
شاندەکانی هه‌ریه‌ك له سعوودیە و عومان دوای سەردانێکی شه‌ش رۆژه بۆ یه‌مه‌ن، رۆژی 13ی نیسان، سه‌نعایان جێهێشت. له میانی سه‌ردانه‌كه‌دا شانده‌كان لەگەڵ حوسییە پشتیوانییكراوه‌كان له‌لایه‌ن ئێران، كۆبوونه‌وه و باسیان لە رێگاکانی نوێکردنەوەی ئاگربەست و بنیاتنانی ئاشتی له وڵاتەكه کردبوو.
پێشبینی دەکرێت سەردانی شانده‌كانی سعوودیە و عومان لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیان بۆ "نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەست لە یەمەن و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی هەمیشەیی"، بۆ شاری سه‌نعای ژێر كۆنترۆڵی حوسییە پشتیوانییكراوه‌كان له‌لایه‌ن ئێران، كاریگه‌ریی هه‌بێت له گۆڕینی رەوتی شەڕی ناوخۆ کە چه‌ندین ساڵه لەو وڵاته بەردەوامە.