حەمیدتی کێیە و چۆن بوو بە یاریزانێکی سەرەکی هاوکێشەی سیاسی سوودان؟

محەمەد حەمدان
محەمەد حەمدان

K24 - هەولێر:

ئەوەی سوودانییەکان لێی دەترسان روویدا، شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە خەرتوومی پایتەختی وڵاتەکەیان و شارەکانی دیکەش دەستیێکردووە، شەڕەکە لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی و سوپای سوودان بە سەرۆکایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهانە.

لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهان جگە لەوەی سەرۆکایەتی سوپا دەکات، لەهەمانکاتدا بەرپرسی (ئەنجومەنی سەروەری راگوزەر)ـە کە لەدوای رووخانی حکومەتەکەی عەبدوڵڵا حەمدوک لە تشرینی یەکەمی 2021ـەوە حوکمی سودان دەکات.

لەم دواییانەدا گرژییەکانی نێوان هەردوولا پەرەی سەندووە و هەر لایەنێکیش پێگەی سەربازی خۆی لە پایتەخت بەهێزتر کردووە بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوولا لەسەر خشتەی کاتی گواستنەوە بۆ حوکمی مەدەنی بەپێی ئەو رێککەوتنە چوارچێوەیەی کە کۆتایی ساڵی رابردوو واژۆ کرا.

لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بە یەکگرتنەوەی هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و سوپای سوودان کراوە کە دواجار دەبوو یەک کەس سەرکردایەتی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرای بکردایە.

لە دوای رووخانی دەسەڵاتی عومەر بەشیر، سەرۆک کۆماری سوودان لە کودەتایەکی سەربازی لە ساڵی 2019، دوای چەند مانگێک لە ناڕەزایی گشتی، ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر پێکهێنرا، بەڵام ئەوکات حەمیدتی نەبووە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە.

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر حەمیدتی رەخنەی لە کودەتاکەی ساڵی 2021 گرت و روونیکردەوە: کودەتاکە هەڵە بوو، چونکە بووەتە دەروازەیەک بۆ گەڕانەوەی رژێمی پێشوو.

حەمیدتی هۆشداریشیدا لەوەی هاوپەیمانانی عومەر بەشیر، کە نزیکەی سێ دەیە حوکمڕانی وڵاتەکەی کرد، پێگەی سیاسی خۆیان بەدەستدەهێننەوە.

محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی لە ساڵی 1975 لە هۆزی ریزەیگاتی عەرەبی لەدایکبووە، کە لە هەرێمی دارفور لە رۆژئاوای سوودان دەژین.

لە تەمەنی بیست ساڵیدا لە بازرگانی وشتر لە نێوان لیبیا و مالی و چاددا کاری کردووە، ئەمە جگە لەوەی کاروانە بازرگانییەکانی لە باندەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هۆزەکەیدا دەپاراست.

لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد و سامانێکی زۆری کۆکردەوە، ئەمەش وایکرد کە بەشیر لێی نزیک بێتەوە، بەتایبەتی کە سەرکردایەتی میلیشیایەکی گەورەی دەکرد بۆ پاراستنی کاروانە بازرگانییەکان.

هاوکات حەمیدتی ژمارەیەک کانگای زێڕی لە دارفور کۆنترۆڵ کردووە.

عومەر بەشیر کاتێک سەرۆکی سوودان بوو چەندین دەسەڵات و بەپرسیارێتی بە حەمیدتی بەخشی و ژمارەی ئەو میلیشیایەی سەرکردایەتی دەکات رووی لە زیادبوون کرد، لە ئێستادا ژمارەی چەکدارەکانی بە نزیکەی 100 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

بەشیر هێزە میلیشاکانی حەمیدتی ناونا "هێزەکانی پشتیوانی خێرا" و چەند دەسەڵاتێکی پێدا کە تەنیا بە سووپا دەدرێت.

بەڵام چەند رۆژێک پێش کەوتنی حکومەتەکەی بەشیر، حەمیدتی دەستبەرداری سەرۆکی وڵاتەکە بوو کە ئەوکات عومەر بەشیر بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا پشتی بە هێزەکانی حەمیدتی بەستبوو.

کەناڵی بی بی سی لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی سوودانەوە بڵاویکردەوە، کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی حەمیدتی بەشدارییان لە رووخاندنی حکومەتەکەی بەشیر کردووە، هەروەها ناوبراو داوای لە حکومەتی سوودان کردووە " ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیانی سودان دابین بکات"، ئەمەش هەڵوێستێکە کە هەندێک لە سودانییەکان بە ئەرێنی دەزانن.

بەڵام هەندێکی دیکە هەڵوێستەکەی بە "هەوڵێکی زیرەکانە" وەسف دەکەن بۆ جوانکردنی ناوبانگی خۆی و لادانی سەرنجی جیهان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە هێزەکانی لە هەرێمی دارفوری سودان ئەنجامی دەدەن.