بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی دوبەی 25 کەس بوونە قوربانی

K24- هەولێر

بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئیمارات، لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کە دەکەوێتە ناوچەیەکی بەناوبانگی دوبەی ئاگرکەوتەوە و بەهۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆی دیکەش برینداربوون.

ئاگرەکە لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەکی ناوچەی ئەلراس، کە دەکەوێتە بەشی کۆنی شارەکە کە ژمارەیەکی زۆر کرێکاری تێدا نیشتەجێیە کەوتەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 16 کەس و برینداربوونی نۆ کەسی دیکە.

بەرگری شارستانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "بەدواداچوونە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە پێشێلکاری لەلایەن خاوەن بیناکەوە هەبووە، سەبارەت بە مەرجەکانی ئاسایش و سەلامەتی".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکان، بۆ ئەوەی تەواوی بارودۆخی رووداوەکە بزانن"، هەروەها رەگەزنامەی قوربانییەکان ئاشکرا نەکراوە.

دووبارەبوونەوەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە پلەی یەکەم بۆ کوالیتی داپۆشەرەکان دەگەڕێتەوە کە یارمەتی ئاگرەکە دەدات بەتایبەت لەوەرزی هاویندا، کە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە لە ئیمارات.