شوێنەوارەکانی عێراق بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە

K24- هەولێر

شوێنەوارە هەزاران ساڵەکەی عێراق، لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوادا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، هاوکات عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە کەمترین هەنگاوی ناوە.

عەقیل ئەلمەنسراوی شوێنەوارناسی عێراقی رایگەیاند: ئوم ئەلعەقاریب لە راستیدا یەکێکە لەو شوێنەوارانەی کە گرنگترین شارەکانی سۆمەری بووە لە باشووری میزۆپۆتامیا، کە لە هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا رۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە.

لە ساڵی 2350ی پێش زایین، ئوم ئەلعەقاریب لەسەر زەوییەکی بیابانی پێنج کیلۆمەتر چوارگۆشەیی لە باشووری عێراق چەندین پەرستگای تێدایبووە.

لە کاتی گەڕانی شوێنەوارناسەکاندا لەم شوێنەدا چەندین پارچە شوێنەوار دۆزرایەوە کە مێژووی سۆمەرییەکان نیشان دەدات.

ئەلمەنسراوی گوتیشی: ئەمڕۆ ئوم ئەلعەقاریب بەدەست کاریگەرییە ناراستەوخۆکان و گۆڕانی کەش و هەواوە دەناڵێنێت، لەوانەش زیادبوونی زریانی خۆڵ لە عێراق، ئەمە جگە لەوەی زۆرجار تاڵانی شوێنەکە دەکرێت، هەروەک لە شوێنەکانی دیکەشدا هەیە کە پارێزگارییەکی باشیان نییە.

ئاژانسی فرانس پرێس ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە، " لە ماوەی ساڵی 2022 دا، زیاتر لە 10 زریانی خۆڵ عێراقی گرتووەتەوە.

ئەلمەنسراوی ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئەوەی ئەو بەردەی کە رووبەری پەرستگایەک پێکدەهێنێت پیشان بدرێت، پێویستە شوێنەوارناسەکان هەموو خۆڵەکان لاببەن.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس