سبەی تیمی وەزاری حکومەت سەردانی قوباد تاڵەبانی دەکات

کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سبەی دووشەممە تیمە وەزارییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیار وایە سبەی دووشەممە لە هەولێر ئەو تیمە وزارییەی بۆ گفتوگۆکردن بۆ گەڕانەوەی تیمی وزاری یەکێتی پێکهێندراوە، سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات.  

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تیمەکە لە هەریەک لە پشتیوان سادق، سەرۆکی تیمی وزاری پارتی و دانا عەبدولکەریم، ئەندامی تیمی وزاری بزووتنەوەی گۆڕان و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکدێت.

لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بۆ سەردانیکردنی تیمێکی وەزاری بۆ لای قوباد تاڵەبانی، بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.