ئێران و تورکیا بانگهێشتی بەغدا کراون بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی ئاوی عێراق

دیمەنێکی رووباری دیجلە دوای وشکبوونی
دیمەنێکی رووباری دیجلە دوای وشکبوونی

K24 - هەولێر:

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە لە رۆژانی داهاتوودا باشتر دەبێت، لە کاتێکدا ئاماژەی بە بانگهێشتنامەیەک کرد بۆ وەزیری وزەی ئێران بۆ بەشداریکردن لە سێیەمین کۆنفرانسی ئاوی بەغدا.

ئەمرۆ یەکشەممە 16ی نیسان 2023، عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دیدار و کارکردن بەردەوامە لەگەڵ لایەنی ئێرانی و تورکی، سەبارەت بە پشکی ئاوی عێراق، هەروەها بانگهێشتی وەزیری وزەی ئێرانی کردووە، بۆ بەشداری کردن لە کۆنفرانسی سێیەمی بەغدا بۆ ئاو، کە مانگی داهاتوو لە عێراق بەرێوەدەچێت.

زیاب ئاماژەی بەوەشکردووە، "گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی تورکیا لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیراندا هەبووە، هەروەها رێککەوتن کراوە بۆ ناردنی شاندێکی تەکنیکی عێراقی بۆ تورکیا بەمزووانە، هیوادارین سەردانەکە دوای جەژنی رەمەزان ئەنجام بدرێت."

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئاشکراشی کرد، عێراق بانگهێشتی شاندی تورکیای کردووە بۆ سەردانیکردنی، بەمەبەستی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لەسەر چالاککردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە پێشتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکرابوو.

دەشڵێت:"هەنگاوی کرداری هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە مەرجەکانی یاداشتنامەکەدا هاتووە،" ئاماژەی بەوەشدا، بەردانەوەی رووباری دیجلە باشتر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ پابەندبوونی لایەنی تورکیا بەوەی لەسەری رێکەوتوون.