بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای ژینگە: بۆ لەمەودوا هەوڵدەدەین لەبری کیسی نایلۆن کیسی کاغەز بەکاربهێنرێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای ژینگە، رایدەگەینێت، لەپێناو کەمکردنەوەی زیان بۆسەر تەندروستی هاووڵاتییان و ژینگە، بۆلەمەودوا هەوڵدەدەین لەبری کیسی نایلۆن، کیسی کاغەز بەکاربهێنرێت و هەروەها کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک.

ئەحمەد محەممەد، بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای ژینگە، بە کوردستان24ــی راگەیاند، لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای ژینگە، دوو مانگ جارێک کۆبوونەوە دەکات.

باسی لەوەشکرد، لە ساڵانی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی حکومەتی فیدڕاڵ و رێکخراوە جیهانیەکان چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدراوە، هه‌روه‌ها چەندین هەڵمەت ئەنجامدرا بۆ ئەوەی هاووڵاتییان هۆشیار بکرێنەوە کە کیسی نایلۆن و دەبەی پلاستیک بەکار نەهێنن.

سەبارەت بە پرسی بەکارهێنانی کیسی کاغەز لە بری کیسی لایلۆن، ئەحمەد محەممەد، گوتی: "داوا لە هەموو هاووڵاتییان و خاوەن ماركێتەکان دەکەین، لە بری کیسی نایلۆن کیسی کاغەز بەکاربهێنن، چونکە کیسی کاغەز زیانی بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتییان و بۆسەر پیسبونی ژینگە نییه‌".