سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کاسبکارانی بازاڕی هەولێر بەربانگ دەکاتەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کاسبکارانی بازاڕی هەولێر بەربانگ دەکاتەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کاسبکارانی بازاڕی هەولێر بەربانگ دەکاتەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکارانی بازاڕی هەولێر لە رۆژی 25ـی مانگی رەمەزانی پیرۆز بەربانگ دەکاتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارە خوانێکی بەربانگی بۆ ژمارەیەک لە کاسبکار، پیشەوەر، دەستگێر و دوکاندارانی بازاڕی هەولێر سازکرد.

لەمیانی گوتارێکدا بۆ ئامادەبووانی ئێوارە خوانەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای بەخێرهاتن ئاماژەی بەوەکرد، "دەمەوێت بەناوی هەمووتانەوە سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکەن بکەین کە لە سایەی زەحمەتی و ماندووبوونی ئەوان، ئێمە دەتوانین ئاوا بە ئارامی بژین و لە شوێنێکی وەکو ئێرە بەیەکەوە کۆبینەوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهید و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دادەنوێنین و ئێمە قەرزاری ئەوانین".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، "ئێمە لەو ماوەیە هەموو هەوڵێکمانداوە ئەوەی پێمان بکرێت لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدابین، بێگومان ناحەزەکانی ئێمەش هەموو هەوڵێکیانداوە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین لە خزمەتی ئێوەدابین و بە ئامانجەکانی خۆمان بگەین".

هەورها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی، "ئەوەی جێی شانازییە کوردستان، لەخوا بەزیادبێت، شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە نەک تەنها بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکو بۆ خەڵکی تریش لە شوێن و ناوچەکانی تری عێراق دێنە هەرێمی کوردستان".

لەبارەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "جێی دەستخۆشییە کە دەبینین کوردستان جێی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە، ئەمە شتێکە جێی شانازییە و هەقە خۆشتان شانازی بە خۆتان بکەن کە ئێوە توانیوتانە بەشێکبن لەوەی کە کوردستان بکەن بە شوێنێک کە خەڵک رووی تێبکات".

لە رووی سیاسییەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی، "ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین کە سەقامگیری سیاسی لە عێراق و لە کوردستانیشدا بەرقەراربێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەکڕیزی هەموو هێزێکی نیشتمانپەروەر دەکەین کە ئامانجی پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت و بڕوایان بە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت، بڕوایان بەوە بێت کە ئێمە بتوانین بەیەکەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەکان بکەین. بڕوایان بەوەبێت کە رووبەڕووی گەندەڵی بوەستینەوە. بڕوایان بە وڵاتپارێزی بێت. ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەکڕیزین بەڵام هیچ کات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی و لە گەندەڵی و لە تیرۆر و تۆقاندن و لە سەرانەستاندن، یان ئەوەی کە خەڵک لەپێناو بەرژەوەندی خۆمان بەکاربێنین".

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، "ئێمە گوتومانە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دەبین و خودا یارمەتیمان بدات بەردەوامدەبین لەوەی خزمەتی ئێوە بکەین".

 لەرووی ئابوورییەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، "لەخوا بەزیادبێت رۆژ بە رۆژ ئومێدمان زیاترە کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاودەنێت، ئێمە هەرێمێکی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێت".

لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، "لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەربکەین، ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی ئەو رێککەوتنەی ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژوومانکردووە و هیوادارم ئەمە یارمەتیدەرێکی زۆربێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئێوەش بدات لە رووی ئابوورییەوە، کە دەزانم زۆربەی کاریگەرییەکانی ئابووری لەسەر شانی ئێوەن چ کاسبکاربن، چ کرێکاربن، چ پیشەوەربن، کاریگەرییەکانی ئابووری زیاتر دەکەوێتە سەر شانی ئێوە، بۆیەش ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین کە دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەین".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گوتی، "زۆر ژێرخان یان دامەزراوە هەبووە بوونیان نەبووە، ئێمە هەوڵی ئەوەمانداوە ئەو دامەزراوانە دروستبکەین، کاریگەری زۆر لەوانە ئێستا دەرنەکەوێت، بەڵام دوای ماوەیەکیتر کاریگەرییەکانی ئەم هەوڵانەش بەدەردەکەون. ئێمە بڕوامان زۆرە کە بتوانین کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و رووناکتر هەنگاوبنێین و هەموو هەوڵ و تەقەلای ئێمەش لەپێناو ئەوەیە کە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت و ئومێدی ئەوەمان هەیە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت".

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان:

بەڕێزان؛
ئامادەبووانی هێژا

هەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن بۆ ئەم ئێوارەیە، بۆ بەربانگ كردنەوە. بۆ من جێی شانازییە كە ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوەی خۆشەویست بم، بەیەكەوە ئەم بەربانگە بكەینەوە.

پێش ئەوە بە ناوی هەمووتانەوە جارێكی تر سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەكان دەکەین كە لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەوان، ئێمە دەتوانین ئەوا بە ئارامی لە كوردستاندا بژین و لە شوێنێكی وەكوو ئێرە بەیەكەوە كۆببینەوە. سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهید و بنەماڵە سەربەرزەكانیان دادەنوێنین، ئێمە قەرزداری ئەوانین.

دەمەوێ لێرەدا باسی ئەوە بكەم كە ئێمە لەو ماوەیە هەموو هەوڵێكمان داوە ئەوەی پێمان بكرێ لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بین. بێگومان ناحەزەكانی ئێمەش ، هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین لە خزمەتی ئێوەدابین و بە ئامانجەكانمان بگەین.

ئەوەی جێی شانازییە، كوردستان سوپاس بۆ خوا شوێنێكی ئارام و سەقامگیرە نەك تەنیا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان، بەڵكوو بۆ خەڵكی تریش لە شوێن و ناوچەكانی تری عێراق دێنە هەرێمی كوردستان. جێی دەستخۆشییە كە دەبینین كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانە، ئەمە شتێكە كە جێی شانازییە و هەقە خۆشتان شانازی بە خۆتان بكەن كە ئێوە توانیوتانە بەشێك بن لەوەی كوردستان بكەن بە شوێنێك كە خەڵك ڕووی تێ بكات.

لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین كە سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و لە كوردستانیشدا بەرقەرار بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەكڕیزی لە هەموو هێزێكی نیشتمانپەروەر دەكەین كە بڕوای بە ئامانجی پاراستنی هەرێمی كوردستان بێت، بڕوایان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت، بڕوایان بەوە بێت كە ئێمە بتوانین بەیەكەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەكان بكەین، بڕوایان بەوە بێت كە ڕووبەڕووی گەندەڵی بوەستینەوە، بڕوایان بە وڵاتپارێزی بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەكڕیزین، بەڵام هیچ كات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشدار بین لە خاكفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، لە سەرانەستاندن، یان لە ئەوەی كە خەڵك لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكار بێنین.

ئێمە گوتوومانە كە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دەبین، خوا یارمەتیمان بدات بەردەوام دەبین لەوەی كە خزمەتی ئێوە بكەین.

لە ڕووی ئابوورییەوە لە خوا بەزیاد بێت ڕۆژ بە ڕۆژ ئومێدمان بەوە زیاترە كە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناكتر هەنگاو دەنێت. ئێمە هەرێمێكی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێت. لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی لە بەغدا هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی كێشەكانمان چارەسەر بكەین. ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی ئەو ڕێككەوتنەی كە ماوەیەك پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژۆمان كردووە، هیوادارم ئەمە یارمەتیدەرێكی زۆر بێت بۆ ئەوەی یارمەتیی ئێوەش بدات لە ڕووی ئابووریی ئێوە، چونكە دەزانم زۆربەی كاریگەرییەكانی ئابووری لەسەر شانی ئێوەن، چ كاسبكار بن، چ كرێكار بن، یان پیشەوەر، كاریگەرییە ئابوورییەكان زیاتر دەكەوێتە سەر شانی ئێوە. بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین كە دۆخی ئابووری لە كوردستان باشتر بكەین.

زۆر ژێرخان هەبووە یان زۆر دامەزراوە هەبووە كە بوونیان نەبووە، ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە كە ئەو دامەزراوانە دروست بكەین، كاریگەریی ئەوانە لەوانەیە ئێستا بەدەر نەكەوێت، بەڵام دوای ماوەیەكی تر كاریگەرییەكانی ئەم هەوڵانەش بەدەر دەكەون.

ئێمە بڕوامان زۆرە كە بتوانین كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر و ڕووناكتر ببەین، هەموو هەوڵ و تەقەڵای ئێمەش لەپێناو ئەوەیە كە ئێوە ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت. ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە ئێوە بتوانن ژیانێكی باشتر و ئاسوودەترتان هەبێت.

زیاتر لەوە نامەوێ كاتی ئێوە بگرم، چونكە بەرەبەرە لە بانگدان نزیك دەبینەوە، ئینشائەڵا ڕۆژی و تاعەت و نوێژی ئێوەش قەبووڵ بێت، خوا لێتان قەبووڵ بكات و هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

11
44
55
67
7