فوئاد حوسێن: ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی عێراقدا هاتووه‌ شتێكی زۆر باشه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان

فوئاد حوسێن
فوئاد حوسێن

K24 – هەولێر:

جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی عێراقدا هاتووه‌ شتێكی زۆر باشه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

فوئاد حوسێن جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌میانه‌ی لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسی رایگه‌یاند، په‌رله‌مان كه‌مێكی دیكه‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌. ده‌شڵێت: "له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتیش كۆبووینه‌وه‌".

فوئاد حوسێن هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، گفتوگۆ له‌ باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ كرا و ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی عێراقدا هاتووه‌، شتێكی زۆر باشه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

لەمبارەیەوە نەهرۆ رواندزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی به‌ ئاژانسی فه‌رمی عێراقی راگەیاندووە، ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ هەریەک لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکومەتی فیدڕاڵ کۆبووەتەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە رێککەوتنی نەوتی لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان و پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2023 و وردەکارییەکانیان.

رۆژی 13/3/2023، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.