سیپان عه‌زیز: بودجه‌ی ئه‌مجاره‌ی عێراق باشترین بودجه‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان

سیپان عه‌زیز
سیپان عه‌زیز

K24 – هەولێر:

له‌باره‌ی بودجه‌ی گشتی عێراقه‌وه‌، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، بودجه‌ی گشتی ماوه‌یه‌كه‌ هاتووه‌ته‌ په‌رله‌مان و باشترین بودجه‌ی گشتی عێراقه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای ساڵی 2014.

سیپان عه‌زیز، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، له ساڵی 2014ـه‌وه‌ کە بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕدرا، هیچ رێككه‌وتنێكی ورد و جدی له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر واژۆ نه‌كرا، ئه‌و بودجه‌یه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌یه‌.

ده‌شڵێت: بودجه‌ی گشتی عێراق، به‌شێك له‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌رده‌كات.

باسی له‌وه‌شكرد، ئێمه‌ وه‌كو پارتی و هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش سه‌رنج و تێبینییه‌كانمان ئاماده‌كردووه‌، له‌ دانیشتنی پەرلەمان و خوێندنەوەی دووه‌مدا ده‌یخه‌نه‌ڕوو.

رۆژی 13/3/2023، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.